کوردپرێس:
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەمە 1ی تشرینی یەکەم، پەڕلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە و ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئەم کاتەش کورد خۆی یەکلا نەکردۆتەوە بۆ کاندید کردنی یەک بەربژێر و بەو پێیەش ئەگەر هەیە لە نێوان 7 پاڵێوراوی فەرمیی ئەو پۆستەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
ڕۆژى ٢٧ی مانگ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ژمارەی ئەو کاندیدانەی ئاشکرا کرد کە خۆیان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەواوی مەرجەکانیان تیا بووە بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ٧ کەس بوون، سەرەڕای ئەوەش کە ١٤ کاندیدیان پشتڕاستی ئەوەیان نەکردبووەوە کە خاوەنی پسپۆڕیی سیاسین، هەروەها ٩ کاندیدیشیان دوور خراونەتەوە و کاندیدێکیش پاشەکشەی کردووە.
کاندیدەکانیش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێکهاتوون لە هەریەکە لە سروە عەبدولواحید، فوئاد حسین، بەرهەم ساڵح، ، سەردار عەبدوڵا، عەبدولـلەتیف رەشید، عومەر ئەحمەد بەرزنجی و عەبدولکەریم عەلی عەبتان.
هەرچەندە یەکێتى ڕایگەیاندووە، پۆستى سەرۆک کۆمار پشکى یەکێتییە بەڵام پارتییش داوای ئەو پۆستە دەکات و فوئاد حسێنی وەک کاندید دیاری کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی دەستور ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم دوا وادەیە بۆ کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە گەورەترین کوتلە ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، تا چوار ساڵی داهاتوو.
Your Comment