كۆمیسیۆن: بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕاده‌گیرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی هه‌ولێری كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دواڕۆژی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ و‌ به‌ به‌راورد به‌ بانگه‌شه‌كانی ڕابردوو به‌ ئارامی و بێ كێشه‌ به‌ڕێوه‌چوووه بۆیه‌ سوپاسی قه‌واره‌كان ده‌كه‌ین".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئارام نه‌جمه‌ددین له‌باره‌ی بنكه‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر وتی: "له ‌ناو شار و ته‌واوی قه‌زاكاندا 41 بنكه‌ی ده‌نگدان ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ 201 وێستگه‌یان له‌خۆ گرتوووه‌ و له‌ پارێزگای هه‌ولێریش 72 هه‌زار و 653 ده‌نگده‌ری تایبه‌ت هه‌یه‌".

ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ 499 بنكه‌ی ده‌نگدانی گشتی و دوو هه‌زار و 149 وێستگه‌ له‌ هه‌ولێر بۆ ڕۆژی 30-9 ده‌كرێنه‌وه‌ و ملیۆنێک و 36 هه‌زار و 419 ده‌نگده‌ری گشتیش له‌ پارێزگاكه‌دا هه‌ن.

ئارام نه‌جمه‌ددین باسی له‌وه‌ش كرد له‌ ڕۆژانی بانگه‌شه‌دا 11 سه‌رپێچی هه‌بوووه‌ كه‌ 8 سه‌رپێچی له‌سه‌ر قه‌واره‌ سیاسییه‌كان تۆمار كراوه‌، دوو سه‌رپێچی له‌سه‌ر كۆمیسیۆن و یه‌ک سه‌رپێچیش له‌سه‌ر كاندیدی ناو قه‌واره‌یێک تۆمار كراوه‌.

داوای له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ڕێكخراوه‌كانیش كرد چاودێری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و له‌ هه‌ر كێشه‌یێک ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌.

ئارام نه‌جمه‌دین له‌باره‌ی ڕاهێنانی فه‌رمانبه‌رانیش وتی: "ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ی ئه‌یلوولی 2018 دوایین ڕۆژی راهێنانی فه‌رمانبه‌رانی ده‌نگدانی تایبه‌ته‌ و سبه‌ینێش دوایین ڕۆژی راهێنانی فه‌رمانبه‌رانی ده‌نگدانی گشتییه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی هه‌ولێری كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم له‌باره‌ی قه‌واره‌ سیاسی و هاوپه‌یمانییه‌كانیش وتی: "29 قه‌واره‌ی سیاسی كێبڕكێیان هه‌یه‌ و 773 كاندیدیش هه‌ن كه‌ 241یان ژنن و كێبڕكێ له‌سه‌ر 111 كورسی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن".

به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمیسیۆن له‌باره‌ی ده‌نگدانی گشتی و تایبه‌تیش وتی "هه‌رچی له‌ سبه‌ی 28/9 له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت ناوی نه‌بێت ئه‌وا له‌ ده‌نگدانی گشتی ده‌نگ ده‌دات".

له‌باره‌ی پلانی ئه‌منیشه‌وه‌ باسی له‌وه ‌كرد هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بنكه‌كانی ده‌نگدانیان ڕاده‌ست كراوه‌ و ده‌یانپارێزن و كه‌لوپه‌لی ده‌نگدانیش ئاماده‌ن بۆ دابه‌ش كردن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38328

Your Comment

You are replying to: .
captcha