سائیروون و ده‌وڵه‌تی یاسا کاندیده‌که‌ی بارزانی ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هه‌ر دوو هاوپه‌یمانێتیی ده‌وڵه‌تی یاسا و سائیرون بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی ده‌نگدان به‌ كاندیدی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار ده‌ده‌ن و سه‌ركرده‌یێكی ده‌وڵه‌تی یاساش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: به‌رژه‌وه‌ندیی عیراق واده‌خوازێت پۆستی سه‌رۆک كۆمار بدرێته‌وه‌ یه‌كێتی و كاندیده‌كه‌ی پارتیش بۆ ئه‌و پۆسته‌ ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د سه‌هیوود سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاندوووه‌: په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانێتیی بنیاتنان كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح و چه‌ند فراكسیۆنێكی‌تر پێكهاتوووه‌ به ‌هیچ شێوه‌یێک ده‌نگ به ‌كاندیده‌كه‌ی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک كۆمار ناده‌ن.

ناوبراو وتیشی: به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق واده‌خوازێت پۆستی سه‌رۆک كۆمار بۆ یه‌كێتی بێت بۆیه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌ كاندیدی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک كۆماری داهاتووی عێراق.

سه‌هیوود ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: كاندیده‌كه‌ی پارتی بۆ سه‌رۆک كۆمار ته‌نیا ئامڕازێكی ده‌ستی مه‌سعوود بارزانییه‌ بۆیه‌ مه‌حاڵه‌ بكرێته‌ سه‌رۆک كۆمار.

هاوكات ئه‌یمه‌ن شممه‌ری ئه‌ندامی هاوپه‌یمانیی سائیروون به‌ سه‌رۆكایه‌تیی موقته‌دا سه‌در ئاشكرای كرد: موقته‌دا سه‌در داوایێكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی ڕه‌ت كردۆته‌وه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆكی كۆماری عێراق.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتیشی که‌ له ‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یێكی نێوانیان نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌در كردوووه‌ پشتگیری له‌ فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار بكه‌ن به‌ڵام سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در ئه‌و داوایه‌ی پارتی ڕه‌تكردۆته‌وه‌.

ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی 2018 فوئاد حسێن وتی: من داواكاریی كاندیدبوون بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمارم پێشكه‌ش به‌ بارزانی كردوووه‌ و ئه‌ویش پشتوانیم ده‌كات.

پێشتریش مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد كه‌ فوئاد حسێن كاندیدی ئه‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار و به ‌هه‌موو توانایێكییه‌وه‌ پشتوانیی ده‌كات.

ئه‌مه‌ش له ‌كاتێدایه‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌ستنیشان كردنی فوئاد حسێن وه‌ک كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار به ‌كه‌مكردنه‌وه‌ی بایه‌خی سه‌رۆكایه‌تیی عێراق تێده‌گه‌ن چوونكه‌ به‌ بڕوای ئه‌وان كاندیدكردنی فوئاد حسێن كه‌ پێشتر له‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بوووه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆمار كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراقه‌ كه‌ ده‌بوو به‌هێزترین كه‌سایه‌تی بۆ كاندید بكرێت.

به‌پێی چاودێرانی سیاسیش كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی فوئاد حسێن هێنده‌ هێرش كردن بوو بۆ سه‌ر چه‌ند كه‌سایه‌تی و لایه‌نێک هێنده‌ هه‌وڵی نه‌دا وتارێكی گشتگیر له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق له‌ داهاتوودا پێشكه‌ش بكات.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38300

Your Comment

You are replying to: .
captcha