راوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئێران: هیچ شتێک ناتوانێت زیان بە پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان بگەیێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە پانێلێکدا لە رۆژی دووەمی دیداری مێری کە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، راوێژکارێکی وەزیری دەرەوەی ئێران و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق قسەیان کرد، تێیدا باسیان لە دۆخی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتەکانیان کرد.

کوردپرێس:

سەید كازم سەجادپوور، راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، لەبارەی وڵاتەکەیەوە دەگوترێت ئێران جێگەی مەترسییە و دەبێت هۆشیاربن و ئەوانە دەیانەوێت دەستبەسەر ناوچەکەدا بگرن، لەوبارەیەوە گوتی، "ئەمانە هەڵەن و پێویستە رەتبکرێنەوە".

سەجادپوور دەڵێت، "نزیکەی 50 دراوسێمان هەن، ئێمە دراوسێی عەرەبەکانین، بەڵام عەرەب نین. من کە خواردنی عەرەبی و کوردی دەخۆم هەست بەوە دەکەم کە هاوبەشییەکمان هەیە، راستە جیاوازین، بەڵام هاوبەشییەکی زمانەوانی و کولتووری و میراتیمان پێکەوە هەیە".

لە بەردەوامیی قسەکانیدا راوێژكارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، "ئێستا جیهان تەنیا لە ئەمریکا، رووسیا و چین پێکنایەت، ئێستا ئێران و تورکیا گرنگن. عێراق و هەرێمی کوردستانیش گرنگن. ئێستا بووەتە ئاراستەیەکی ئاسۆیی کە هەموو وڵاتان دەگرێتەوە. ئێستا هەرێمی کوردستان خۆی لایەنێکە، کێ دەتوانێت ئەم لایەنە رەتبکاتەوە؟"

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیاوە، سەید كازم سەجادپوور باسی لەوە کرد، "پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران زۆر لایەن دەگرێتەوە، ئێمە ناکۆکیمان هەیە، بەڵام پێکەوە کارکردنی زیاتریشمان هەیە، کە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەش ئاسانتر دەکەن. لەگەڵ عێراقیش هەمان شتمان هەیە".

راوێژكارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی زۆر رێز لە عێراق دەگرێت و لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیشەوە گوتی، "هەندێک کەس دەڵێن ئێرانییەکان یان تورکیا شکستیانهێنا لە ‌هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێموایە ئەم کەمکردنەوەیە لە توانای عێراق زۆر هەڵەیە. سەرکەوتن و سەقامگیریی عێراق گرنگە، ئەگەر هەڵوێستی جیاوازیشمان هەبێت، هەموو ئێرانییەکان رێز لە عێراق دەگرن و هەر ئەنجامێکی هەڵبژاردنەکان دەبێت عێراقییەکان خۆیان بزانن چۆن قسەی لەسەر دەکەن".

سەبارەت بە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش ئەو بەرپرسەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، "پەیوەندیی نێوان ئێران و کورد زۆر قووڵە، پێموایە ئێمە هاوڕێی یەکدین و لە کاتی پێویستیشدا بەهانای یەکترەوە چووین، لە مێژوو و لە ئەمڕۆشدا، بەتایبەت کاردانەوەی ئێران دژی کردەوەکانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد، هەروەها ئەو سزا نادادپەروەرانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراون، هەڵوێستی کورد زۆر هاوسۆزانە بوو بەرامبەر ئێران، ئەو پەیوەندییانە رەنگدانەوەی دۆستانە بوو، پێموایە هیچ شتێک ناتوانێت زیان بەم پەیوەندییە ریشەییە بگەیێنێت".

سەید كازم سەجادپوور باسی لەوەش کرد، ئەوەی ئەمریکا لەم ناوچەیە ئەنجامی دەدات "رەنگە بە دڵی کولتووری کوردیش نەبێت". گوتیشی، ئەو زیانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کردی، "زۆر گەورە بوو"، ئەوان وڵاتەکەیان وێرانکرد و جێیانهێشت.

News Code 3830

Your Comment

You are replying to: .
captcha