کوردپرێس:
پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بە پۆستێکی تەشریفی دەزانرێت و لە سەرەتای پێکهاتنی حکوومەتی عێراقی پاش سەدام ئەو پۆستە سیادییە بە کورد دراوە و بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان لە سێ خولی ڕابردوودا یەکێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە ئەوەش لە بەرانبەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە درابوو بە پارتی و شەخسی مەسعوود بارزانی. بەڵام پاش هەڵپەسێردرانی پۆستی سەرۆکی هەرێم ئێستا پارتی دەڵێت یان دەبێت باڵانسی دەسەات لە هەرێمی کوردستان سەرلەنوێ دابڕژرێتەوە یان دەبێت بەگوێرەی ئیستحقاق و ژمارەی کورسی پۆستەکان دابەش بکرێن یان ئیتفاقێکی نوێ بێتە ئاراوە.
پارتی فواد حسێنی کاندید کردووە و یەکێتییش بەرهەم ساڵحی ناساندووە کە جێگری پێشووی مام جەلال بوو و پاش جیابوونەوەی لە یەکێتی، حیزبی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داپەروەریی دامەزراند و لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا لەگەڵ چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبوونەوەی کرد و گەڕایەوە نێو ڕیزی یەکێتی ئەوەش لە بەرانبەر کاندیدکرانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار وەکوو کاندیدی یەکێتی. ئەوەش یەکەم جارە کورد لە بەر ناتەبایی زیاتر لە یەک کەس بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەناسێنێت و بەپێی ئامارەکان کۆی 30 کەس ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببنە کاندیدی سەرۆککۆماری.
ئەردەڵان نوورەدین پەڕلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕۆژنامەی عەرەب نیووزی وتووە: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بدرێت بە گەورەترین قەبارەی سیاسیی کوردی لە عێراق کە پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕکابەری کردن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە و بە هیچ شێوازێک لێی ناکشێینەوە.
ئازاد ورتی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر بێتوو پارتی لەم سەروبەندەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا بەردەوام بێت لە دەمسووری بەرانبەر بە یەکێتی ئەوا یەکێتییش بە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پارتیدا دەچێتەوە.
ناوبراو بە عەرەب نیووزی وتووە یەکێتی و پارتی لە زۆر بواردا هاوکاریی یەکتر دەکەن بەڵام بەردەوام بوونی پارتی لە سەر ئەو مەزاجەی وا دەکات پارتی و یەکێتی ڕێبازەکانیان جیا ببێتەوە.
عەبدوڵڵا توعمە چاودێری سیاسی لەو بارەیەوە وتوویەتی مەسعوود بارزانی بڕوای وایە یەکێتی بوو کە بوویە هۆکاری فەشەلهێنانی ڕیفرادۆمەکەی 25ی ئەیلوول هەر لە بەر ئەوەش بارزانی هەوڵ دەدات تۆڵەی ئەو شکستە و ڕووداوەکانی 17ی ئەکتەوبر لە یەکێتی بکاتەوە.
ئەندامێکی سەرەکیی شاندی دانووستانکاری لایەنە شیعەکان وتوویەتی ڤیتۆیان لە سەر کاندیدەکەی پارتی نییە بەڵام زۆرینەی لایەنە شیعەکان ئەو کاندیدەیان قبووڵ نییە لە بەر ئەوەی دەڵێن فواد حسێن سەرۆکی نووسینگەی مەسعوود بارزانییە و ئەگەر بکرێتە سەرۆککۆمار ئەوا بەو مانایە دەبێت کە سەرۆککماری عێراق بەرپرسی نووسینگەی بارزانی دەبێت.
ئەو ئەندامەی شاندی دانووستانکار ناوەکەی نەدرکێندراوە و دەڵێت باشتر وایە شاندی ئێران و ئەمریکا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن و هەر دوو کاندیدەکەی یەکێتی و پارتی هەڵبوەشێتەوە و کەسایەتییێکی نوێ کاندید بکرێت.
ناوبراو بە عەرەب نووزی وتووە پێ دەچێت لایەنە عێراقییەکان دەنگ بە فواد مەعسووم بدەنەوە لەبەر ئەوەی هەمووان دەیناسن و متمانەیان پێیەتی.
Your Comment