بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیێکدا نووسیگەی حەلبوسی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردووەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی بەهێزکردنیان تاوتوێ کردووە، بەشێوەیێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت.
بە گوێرەی بەیاننامەکە، باڵیۆزی ئێران پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کردووە، بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستەکەیەوە.
هەر لە بەیاننامەکەی حەلبوسیدا هاتووە، لە دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لە بایەخ و گرنگی پشتیوانی هەرێمایەتی لە عێراق، بە تایبەت لە دۆسیەی ئاوەدان کردنەوە و دابین کردنی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق چاوی لەوەیە کە کۆمەک و پشتیوانییە هەرێمایەتییەکان بۆ عێراق زیاتر ببێت لەسەر هەموو ئاستەکان.
بە گوێرەی ناوەڕۆکی بەیاننامەکە، لە بەرامبەریشدا باڵیۆزی ئێران جەختی کردەوەتەوە لە کاراکردنی دۆسیەی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات و گەشەپێدانی زیاتر پێی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا حەلبوسی ئامادەیی نیشان داوە بۆ کارکردن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی ئێران و عێراق و داواشی لە باڵیۆزی ئێران کردووە، چارەسەری ڕیشەیی بدۆزرێتەوە بۆ دۆسیەی ئاو لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment