وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی به‌ سه‌رۆکوه‌زیرانی کوردستانه‌وه‌ ده‌کات و له‌ په‌یوه‌ندییه‌که‌دا دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی سیاسیی عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ کران که‌ سه‌ره‌کیترینیان هه‌وڵه‌كانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمار و كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ى شه‌ممه‌ 22-9-2018 نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا په‌يوه‌ندييێكى ته‌له‌فۆنى له‌ مايک پۆمپيۆ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكاوه‌ پێگه‌يشت.

به‌پێی ڕاگه‌یێندراوی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى و مایک پۆمپيۆ دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئاينده‌ى پرۆسه‌ى سياسيى عێراقيان تاوتوێ كردوووه‌ و تيشكيان خستوووه‌ته‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمار و كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق.

له‌و پێوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رخستن و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق كرده‌وه‌ و هيوايان خواست كه‌ قۆناخى داهاتووى عێراق قۆناخى سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منى بێت و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى داهاتووى عێراق ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خواست و مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌ عێراقييه‌كان بێت.

پۆمپيۆ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى ڕۆڵى كارا و به‌رچاوى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌شداريى پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و پێكهێنانى هه‌ر سێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌دا كرد.

تاوتوێ كردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌شێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ى مايک پۆمپيۆ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا بوو له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان.‌

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38194

Your Comment

You are replying to: .
captcha