کورد ڕەخنە لە قەدەخەکرانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژ بە سەردانەکەی ئەردۆغان دەگرێت

بەشی جیهان- کوردەکانی دانیشتووی ئەڵمانیا بڕیار بوو لە دەروازەی برۆندبێرگ ڕۆژی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا گردبوونەوەی ناڕەزایی پێک بهێنن بەڵام ئەو گردبوونەوەیە لە لایەن ئەڵمانیاوە قەدەخە کرا و کوردەکانیش بە توندی ڕەخنەیان لەو بڕیاەی ئەڵمانیا گرت.

کوردپرێس:

ئەنجومەنی کوردەکانی دانیشتووی ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە کە پۆلیس قەدەخەی کردووە لە ڕۆژی سەردانەکەی ئەردۆغاندا گردبوونەوەی ناڕەزایی پێک بهێنن.

کوردەکان ئێستاکە ناچارن یەک ڕۆژ زووتر و لەو ڕۆژەدا کە ئەردۆغان دەگاتە ئەڵمانیا گردبوونەوە ناڕەزاییەکەیان لە فولکەی پۆستامر پلاتز پێک بهێنن.

پێشبینی کراوە دە هەزار کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا لەو گردبوونەوە ناڕەزاییەی دژ بە ئەردۆغان بەشداری بکەن.

بەڵام پۆلیسی بەڕلین لە وەڵامی ناڕەزاییی کوردەکاندا وتوویەتی پۆلیس، کوردەکانی لە بەڕێوەبردنی کۆوونەوەی ناڕەزایی لە دەروازەی برۆندبێرگ قەدەخە نەکردووە بەڵکوو ئەو دەروازەیە پێشتر بۆ مەڕاسیمێکی دیکە تەرخان کرابوو کە ئەویش ڕێوڕەسمی ساڵیادی یەکگرتنی ئەڵمانیایە کە 3ی ئەکتەوبر بەڕێوە دەچێت هەر بۆیەش نالوێت لە هەمان ڕۆژدا گردبوونەوەی ناڕەزایی لەو شوێنە ئەنجام بدرێت.

بەوەشەوە ئەنجومەنی کوردەکانی دانیشتووی ئەڵمانیا بەیاننامەیێکی توندی دەرکردووە و تێیدا نووسیویەتی ڕێوشوێنی توندی ئەمنی ڕێگر و لەمپەرە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین.

پۆلیسی بەڕلین ئەوەشی زیاد کردووە کە پۆلیس بە ڕێکخەرەکانی ئەو گردبوونەوەیەی وتبوو شوێنێکی دیکە بۆ گردبوونەوەکە دیاری بکەن بەڵام کوردەکان هەستاون بە هەڵوەشاندنەوەی گردبوونەوە ناڕەزاییەکە.

بەپێی نووسراوی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا نزیکەی یەک ملوێن کورد دانیشتووی ئەڵمانیان کە زۆرینەیان لە تورکیاوە چوونەتە ئەو وڵاتە.

News Code 38140

Your Comment

You are replying to: .
captcha