فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا: گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵی ژنانی ئێزدی له‌ مووسڵ دۆزرایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا ڕای‌گه‌یاند: گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ قه‌زای تلكێف له‌ باكوری مووسڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌رمی 18 ژن و منداڵی ئێزدی تێدا بوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌مید محه‌مه‌د جبووری وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وای سه‌ر به‌ سوپای عێراق ده‌ڵێت: "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕووفاتی 18 ژنی ئێزدی و 5 منداڵی تێدا بووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌و ژن و كچ و منداڵه‌ ئێزدییانه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌ قه‌زای تلكێف له‌ باكووری موسڵ كوژراون.

وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا ڕوونی كرده‌وه‌ که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌رمه‌كانیان ڕاده‌ستی پزیشكی دادوه‌ریی مووسڵ كردوووه‌ بۆ زانینی ناسنامه‌ و دۆزینه‌وه‌ی كه‌سوكاریان.

3ی ئابی 2014 چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر قه‌زای شه‌نگال و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 400 هه‌زار كه‌س كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون و ڕێگای دووركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ شه‌نگال گرته‌به‌ر و ڕوویان له‌ چیای شه‌نگال كرد.

به‌هۆی كاره‌ساتی شه‌نگاله‌وه‌ 6 هه‌زار و 417 ئێزیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ڕفێندران و تا ئێستا سێ هه‌زار و 10 ئێزیدی بێسه‌روشوێنن.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38128

Your Comment

You are replying to: .
captcha