لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان چی ڕووی دا؟

بەشی سووریا- ڕۆژی سێشەمە 11ی ئەیلوول ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر تەوەری دیدارە سێ قۆڵییەکەی نێوان ئێران و ڕووسیا و تورکیا کۆ بوویەوە و نوێنەرانی ئەمریکا و ڕووسیا و تورکیا و بەریتانیا تێڕوانینی خۆیانیان لەو بارەیەوە خستە ڕوو.

کوردپرێس:

ڕۆژی 7ی ئەیلوول سێ وڵاتی ئێران و ڕووسیا و تورکیا لە شاری تاران کۆبوونەوەی سێ قۆڵییان ئەنجام دا و تەوەری سەرەکیی دانیشتنەکەش ڕەوشی سووریا و بەتایبەت مەسەلەی ئیدلیب بوو. پاش دانیشتنە سێ قۆڵییەکەی تاران ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی تاوتوێ کردنی ئەو دانیشتنە کۆ بوویەوە و 4 نوێنەری تورکیا و ڕووسیا و بەریتانیا و ئەمریکا تێڕوانینی خۆیانیان ئاشکرا کرد.

نیکی هایلی نوێنەری هەمیشەییی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئیدعای ئەوەی کرد کە تا ئەم کاتە زیاتر لە 100 هێرشی لەلایەن ڕووسیا و سووریاوە کراوەتە سەر ئیدلیب و ڕووسیا و ئێران و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا کەمتەرخەمن لە چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا. بەڵام تورکیا حەفتەی ڕابردوو لەو بابەتە تێگەشتووە و داوای ئاگربڕی کرد لە ئیدلیب.

واسیلی نبنزیا نوێنەری هەمیشەییی ڕووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان تیشکی خستە سەر ئەو ژمارە فراوانەی تیرۆریستانی توندڕەو کە لە ئیدلیب هەن و ڕایگەیاند زیاتر لە 10 هەزار تیرۆریستی نوسرە و داعش لە ئیدلیب هەن و ڕووسیا و ئێران و تورکیاش کۆدەنگن لەبارەی پاکتاوکردن و لەناوبردنی تیرۆریستان لە سووریا. بەوەشەوە بۆ چارەکردنی قەیرانی سووریا هیچ بەدیلێک بەدەستەوە نییە جگە لە چارەسەری سیاسی و بۆیە پێویستە هەموو ئەو گرووپانەی لە پڕۆسەی سیاسیی سووریا بەشدار دەبن دەبێت خۆیان لە توندڕەوەکان جیا بکەنەوە.

ناوبراو گوتیشی لە دانیشتنە سێ قۆڵییەکەی تاراندا باسی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی سووریاش کرا کە ئەورووپا لەو بارەیەوە کەمتەرخەمە.

فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵۆ نوێنەری هەمیشەییی تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان تیشکی خستە سەر مەسەلەی هێرشی سەر ئیدلیب و ڕایگەیاند: داواکاریی ئێمە لەم کۆبوونەوەیە و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەیە هێرشی سەر ئیدلیب بوەستێندرێت و ئاگربڕ ڕابگەیێندرێت.

ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای لە هەر سێ وڵاتی ئێران و ڕووسیا و تورکیا کرد کەمتەرخەم نەبن لە هەوڵدان بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان لە سووریا و نەکەنە کارێک کە ئەگەر هەوڵێک بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی دەکرێت ئەنجامی نەبێت.

کارن پریچ نوێنەری هەمیشەییی بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش وتی: وتارەکەی ئەردۆغانم خوێندەوە کە لە ڕۆژنامەی واڵتسریت نووسیبووی لەبارەی مەسەلەی ئیدلیبەوە کۆدەنگم لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا.

News Code 38029

Your Comment

You are replying to: .
captcha