پارێزگاری كەركووک تەعریبی زیندوو كردۆتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕەوەند مەلا مەحموود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركووک ڕەخنەی توندی لە ئەدای راكان سەعید جبوری پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووک گرت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەوەند مەلا مەحموود دوای كۆبوونەوەی حزبە كوردستانییەكان لە قەرەهەنجیر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند جبوری بەشێوەیێكی زۆر خراپ كەركووک بەڕێوە دەبات و جارێكی دیكە تەعریبی زیندوو كردۆتەوە.

ناوبراو وتیشی مێژوو بەو جۆرە كەسانە دەڵێت كە ناتوانن كورد لە كەركووک دوور بخەنەوە و راشیگەیاند ئەو لیژنە هاوبەشەی بەمدواییە لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێم پێک هێندرا، دیالۆگی جدیی دەربارەی دۆخی پارێزگای كەركووک دەست پێدەكات.

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی راشیگەیاند بەهۆی رەفتارەكانی پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووكەوە، شارەكە رووبەڕووی تەعریب و گوشاری زۆر بۆتەوە.

دوای ئەو رووداوانەی كە لە دەرئەنجامی ریفراندۆم بەسەر كەركووک هات، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار حزبە كوردستانییەكان سەبارەت بە دۆخی كەركووک لە ناحیەی قەرەهەنجیر كۆ بوونەوە.

دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نوێنەری لایەنە سیاسییە كوردییەكانی كەركووک رایانگەیاند: داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەن تەعریب لە كەركووک رابگرێت.

ئاماژەیان بەوەش كرد کە دەبێت كۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازی لە پارێزگای كەركووک بهێندرێت.

سەرچاوە: سوومریە نیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 38019

Your Comment

You are replying to: .
captcha