مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کانی عێراق داوای وه‌ستاندنی توندوتیژییه‌کان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کانی عێراق داوای ڕاگرتنی توندوتیژی دژ به‌ خۆپیشانده‌رانی به‌سره‌ ده‌کات.

کوردپرێس- ئاژانسی هه‌واڵی سپۆتنیک بڵاوی کرده‌وه‌ ڕۆژی هه‌ینی 7ی ئه‌یلوول عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کانی عێراق داوای چاککردنی دۆخی سیاسی کرد له‌ به‌غدا و ڕاگرتنی توندوتیژییه‌کانی دژی خۆپیشانده‌ران.

سیستانی ئۆباڵی ئاڵۆزی و نائارامییه‌کانی خسته‌ ئه‌ستۆی سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کان و ڕای‌گه‌یاند: نابێت حکوومه‌تی نوێ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما و پێوه‌رانه‌ پێکبهێنرێت که‌ له‌ حکوومه‌ته‌کانی پێشوودا پشتی پێبه‌ستراوه‌.

ئه‌و داوایه‌ی سیستانی له‌ کاتێکدایه‌ ڕۆژی هه‌ینی 7ی ئه‌یلوول خۆپیشاندانی به‌سره‌ ئاراسته‌یێکی نوێیان به‌خۆیانه‌وه‌ بینی و خۆپیشانده‌ران کونسووڵخانه‌ی ئێرانیان له‌ شاره‌که‌دا سووتاند و له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئێران داوای له‌ عێراق کرد ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌که‌ بدۆزرێته‌وه‌ و به‌ سزای خۆیانیان بگه‌یه‌نێت.

هاوکات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هێرشکردنه‌ سه‌ر کونسووڵگه‌ری وڵاته‌که‌ی له‌ به‌سره‌ی به‌ کارێکی دڕندانه‌ و تێکده‌رانه‌ ناو برد و دواتریش باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غدا داوای له‌ هاووڵاتییانی وڵاته‌که‌ی کرد به ‌زووترین کات شاری به‌سره‌ جێبهێڵن.

هه‌ر له‌وباره‌وه‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق گوتیشی: "له‌ کاتێکدا له‌ داواکارییه‌کانی ھاوڵاتییانمان له‌ پارێزگای به‌سره‌ تێده‌گه‌ین، نیگه‌رانیی زۆری خۆشمان بۆ ھێرشکردنه‌ سه‌ر کونسووڵخانه‌ی ئێران له‌لایه‌ن ھه‌ندێک له‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌رده‌بڕین".

ئه‌حمه‌د مه‌حجووب وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "ئه‌و کاره‌ له‌گه‌ڵ میواندارێتی کردنی نیشتیمانیدا بۆ ده‌سته‌ دیپلۆماسییه‌کان ناگونجێت و به‌ئامانجگرتنی ئه‌و ده‌ستانه‌ کارێکی ڕه‌تکراوه‌یه‌ و زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیھان ده‌گه‌یه‌نێت".

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37907

Your Comment

You are replying to: .
captcha