ئه‌شواق جاف: هیچ یه‌ک له‌ دوو به‌ره‌ی شیعه‌كان داواكارییه‌كانی كورد قبووڵ ناکه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێی وایه‌ هیچ یه‌ک له‌و دوو لایه‌نه‌ شیعه‌یه‌ی هه‌وڵی گرتنه‌ده‌ستی جڵه‌وی حكوومه‌تی داهاتوو ده‌ده‌ن ناچنه‌ ژێر باری جێبه‌جێ كردنی داواكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كورد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری خۆیه‌كلایی نه‌كردنه‌وه‌ی كورد له‌ نێوان دوو به‌ره‌ی ناو ماڵی شیعه‌كان وتی: "نووری مالیكی له‌ ساڵی 2014دا به‌ بێ بوونی هیچ به‌ڵگه‌یێكی ده‌ستووری و یاسایی قووت و بژێوی خه‌ڵكی كوردستانی بڕی و حه‌یده‌ر عه‌بادیش خوێنی ڕشت و ده‌ستووری پێشێل كرد بۆیه‌ كورد تا ئێستا خۆی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌".

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد كورد جه‌خت له‌ جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور ده‌كات و هه‌ر لایه‌نێكک گه‌ره‌نتی جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور بكات، كورد ده‌نگی خۆی ده‌خاته‌ پاڵی به‌ڵام له‌ هه‌مان كات بڕوای خۆی نیشان دا كه‌ هیچ یه‌ک له‌و دوو لایه‌نه‌ی شیعه‌كان (به‌ره‌ی عه‌بادی و سه‌در له‌لایێک و به‌ره‌ی مالكی و عامریش له‌لایێکی‌تر) بڕگه‌كانی ده‌ستوور جێبه‌جێ ناكه‌ن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كورده‌وه‌.

ئه‌شواق جاف ڕوونیشی کرده‌وه‌: "نه‌ک هه‌ر دوای 2003 به‌ڵكوو پێش ئه‌و به‌رواره‌ش له‌ عێراقدا كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت هه‌بوووه‌ و هیچ كه‌سێكی ده‌سه‌ڵاتدار بڕوای به‌ مافی هاووڵاتییان نه‌بوووه‌، نه‌ک هه‌ر مافی هاووڵاتیانی هه‌رێم، ته‌نانه‌ت مافی هاووڵاتییانی خۆیشیان، ئه‌وه‌شی ئێستا له‌ به‌غدا ڕوو ده‌دات گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌".

ناوبراو له‌ درێژه‌دا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كورد به‌ چ شێوه‌یێک جێبه‌جێ كردنی داواكارییه‌كانی گه‌ره‌نتی بكات وتی: "له‌ دوو خولی پێشوودا ئه‌و بڕگانه‌ی ده‌ستوور كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كورده‌وه‌ هه‌بوو خرانه‌ ناو كارنامه‌ی حكوومه‌تی نوێ و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش په‌سه‌ندی كردن به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێكهاتنی حكوومه‌ت و ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ ئه‌و كارنامه‌یه‌ی جێبه‌جێ نه‌ده‌كرد بۆیه‌ش پێی وایه‌ ئه‌مجاره‌ پێویسته‌ لۆبی و هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت تا حكوومه‌تی داهاتوو ناچار بكات به‌ جێبه‌جێ كردنی سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی ده‌ستوور".

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37882

Your Comment

You are replying to: .
captcha