کوردپرێس:
له میانه‌ی وتوێژێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌وانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن تامه‌زرۆی مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته‌ن، له‌كاتێكدا خۆیان پێشتر ده‌یانوت حكومه‌ت گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆره، لێی كشانه‌وه داوای نه‌مانی ئه‌م حكوومه‌ته‌یان ده‌كرد ئێستا خێره داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن ئه‌ی چی جوابی خه‌ڵی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه؟
ناوبراو ده‌شڵێت: پاساوی لایه‌نه‌كان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن لاوازه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر سوورن با له ڕێگای فراكسیۆنه‌كانیانه‌وه پڕۆژه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان پێشكەش بكه‌ن خۆ ئێستا ئه‌وان زۆرینه‌ن پارتی( ٣٨ )كورسیی هه‌یه, هه‌روه‌ها وتی: پارتی ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش بهێنێت نیه‌تی نیه كوردستان به‌ته‌نها به‌ڕێوه ببات، هه‌روه‌ها وتی: به‌پێی كۆبوونه‌وه‌كان "مومكین"ه من ئومێدم هه‌یه ئه‌نجامه‌كان هه‌تا ئه‌وێ بڕۆن به‌یه‌ك وه‌فد بچینه به‌غداد."
بڕیاربوو ڕۆژی چوارشه‌ممه له هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م ڕۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه بێت، به‌ڵام كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته بانگه‌شه‌ی دواخست، به‌بڕوای به‌شێك دواخستنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر داوای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه ئه‌وه‌ش پاش سه‌ردانی دوێنێیی وه‌فدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
به‌ڵام دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان له وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕه‌تی كرده‌وه و وتی" پێرێ بوو داواكارییێک له‌لایه‌ن هه‌ندێك له كۆمسیارانه‌وه هه‌بوو بۆ دواخستنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌رۆكی كۆمسیۆن و براده‌رانی پشكی ئێمه‌ش هیچ ڕێگرییێكیان نه‌بوو ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نیه ڕێكه‌وتنی پێش وه‌خته هه‌بووبێت."
دڵشاد شه‌هاب كه ئه‌ندامی شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وت" ئێمه نه‌چووبووین بۆ داواكاری له گۆڕان ،گۆڕانیش داواكاریی له ئێمه نه‌بوو، ئێمه چووین پاش ئه‌و ماوه درێژه‌ی كۆ نه‌بووینه‌وه چووین بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دوو پڕۆسه‌ی گرنگ كه له به‌رده‌مماندایه یه‌كه‌م چوونه به‌غداد دووه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان، واته ئه‌وه نه‌بوو ئێمه چوبێتین داواكاریمان له بزووتنه‌وی گۆڕان كردبێت، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش داوای له ئێمه كردبێت به‌ڵكوو گفتوگۆی هاوبه‌شی ئه‌و بابه‌تانه‌مان كردووه."
ئه‌ندامه‌كه‌ی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌شی وت" له‌كۆبونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان باسی ئه‌وه كراوه ئه‌وان بۆ پێیان باشه هه‌ڵبژاردن دوابخرێت؟ پارتی بۆ پێی باشه له‌كاتی خۆی بكرێت هه‌موو پاساوكانیش خراونه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام پاساوی ئه‌و لایه‌نانه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن لاوازه چوونكه هه‌ڵبژاردن كاتی خۆی كه دیاریكرا له‌لایه‌ن داموده‌زگای فه‌رمی بوو كه حكومه‌تی هه‌رێم بوو هیچ لایه‌نێك ڕه‌خنه"ئیعتراز"ی نه‌بوو، به ئاگاداری جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت بوو و ئه‌وكات هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق نه‌كرابوو تا بوترێت لایه‌نێك دۆخی باشه لایه‌نه‌كه‌ی تر دۆخی خراپه له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ڵبژاردن ده‌كات ، بۆیه ئێستا پارتی هیچ پاساوێك نابینێت داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكات و هیچ ڕێگرییێكیش له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كان نیه بۆ ئه‌وه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن به‌و دوو ڕێگا فه‌رمیه‌ی ئاماژه‌م پێكرد."
شه‌هاب جه‌ختی كرده‌وه"پارتی بڕوای به‌خۆیه‌تی هه‌ڵبژاردن بكرێت ده‌نگی باش ده‌هێنێت، دواش بخرێت هه‌ر ده‌نگی باش ده‌هێنێت، له ڕابردوش بكرایه هه‌ر ده‌نگی باشمان ده‌هێنا.
هه‌روه‌ها وتیشی" پارتی هیچ كات نیه‌تی به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی نه‌بووه ساڵی (١٩٩٢)ش ئه‌و كاته‌ی زۆرینه‌ی هێنا هه‌ر ده‌سەڵاتی فیفتی- به‌فیفتی دابه‌ش كرد، پارتی هیچ كات نیه‌تی نه‌بووه حكوومه‌ت به‌ته‌نها به‌ڕێوه ببات ئه‌مه هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌باشی ده‌زانن ."
دڵشاد شه‌هاب داواكاری ئه‌و لایه‌نانه‌ی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن به تامه‌زرۆ بوون به مانه‌وه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئێستای كوردستان وه‌سفكرد و وتی" ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی ئه‌م حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ن با پڕۆژه یاسا پێشكه‌ش بكه‌ن ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه، چوونكه ئه‌وانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته به‌رده‌وام بێت هیچ مانایه‌كی تر هه‌ڵناگرێت، ئایا هیچ واتای تری هه‌یه من له‌وان ده‌پرسم؟ ئه‌ی چی جوابی خه‌ڵكی خۆیان ده‌ده‌نه‌وه تا دوێنێ ده‌یانوت حكومه‌ت گه‌نده‌ڵ و دیكتاتۆره بابڕوخێت؟!"
دڵشاد شه‌هاب كه ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه له هه‌مان كاتدا باسی له‌وه‌كرد" هیچ كات له به‌رده‌م سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌ماوه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
دڵشاد شه‌هاب باسی له‌وه‌شكرد له‌حاڵه‌تی دواخستنی هه‌ڵبژاردن زیانی مادی به‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت چوونكه بودجه‌یێكی زۆری له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ ئاماده‌كاریی هه‌ڵبژاردن ته‌رخان كردووه و ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ته‌رخان كردووه به‌ڵام ده‌ڵێن با دوابخرێت كه ئه‌م خه‌رجیه بێ ئه‌نجام ده‌بێت ئه‌وا دنیایان پڕ ده‌كرد له‌وه‌ی حكوومه‌ت ماڵی گشتیی به‌هه‌ده‌ر داوه باشه ئه‌مه به‌هه‌ده‌ردان نه‌بێت چیه؟
Your Comment