نوێنه‌رێکی پێشووی گۆڕان دژوارییه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق و هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێم ده‌خاته‌ ڕوو

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌مین به‌کر گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا ناکۆکی و ململانێی نێوان سێ لایه‌نی سه‌ره‌کیی په‌رله‌مانی عێراق ده‌خاته‌ ڕوو و باس له‌ پڕۆسه‌ی پێکهێنانی کوتله‌ گه‌وره‌که‌ی په‌رله‌مان و حکوومه‌تی نوێ و ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ دوو حیزبی باڵاده‌ستی هه‌رێم ده‌کات.

کوردپرێس- پاش ئه‌وه‌ی یه‌که‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی نوێی عێراق ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 12ی خه‌رمانان به‌رانبه‌ر به‌ 3ی ئه‌یلوول به‌ڕێوه‌ چوو و په‌رله‌مانتاران ته‌نها سوێندی یاسایییان خوارد و له‌سه‌ر کوتله‌ گه‌وره‌که‌ ساغ نه‌بوونه‌وه‌ پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق پێ نایه‌ قۆناغێکی چاره‌نووسسازه‌وه‌.

ئه‌مین به‌کر نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی پێکهێنانی کوتله‌ گه‌وره‌که‌ی په‌رله‌مان و شێوازی به‌شداری کردنی کورد له‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: به‌هۆی جۆره‌ بۆچوونێکه‌وه‌ که‌ پێی وایه‌ ده‌بێت ڕه‌وتێکی وه‌ته‌نی دروست بکات جۆرێک له‌ ناکۆکی له‌ نێوان خودی پێکهاته‌کان دروست بوووه‌. هه‌ریه‌ک له‌ پێکهاته‌ی شیعه‌ و سوننه‌ و کورد له‌ ناو یه‌کدا ته‌با نیین و ئه‌و کوتله‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ ئاسانی دروست نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ی کورسییه‌کان به‌ شێوازێکه‌ ناکرێت له‌ نێوان دوو یان سێ هاوپه‌یمانێتی و حیزبدا کوتله‌ی گه‌وره‌ دروست بکرێت.

ئه‌مین به‌کر زیادی کرد: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش له‌ په‌رله‌مان پێک بێت ئه‌وا ئه‌و زۆرینه‌یه‌ به‌ ئاسانی دروست نابێت و کاتێکی زۆری ده‌وێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ پێشبینییه‌کان بۆ حکوومه‌تی ئاینده‌ی عێراق به‌ کوردپرێسی وت: به‌ ڕای من پێکهێنانی حکوومه‌ته‌که‌ به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ ئه‌سته‌م نییه‌ که‌ ئایا ئه‌و حکوومه‌ته‌ موسته‌قه‌ر و دامه‌زراوه‌ یان خێر واتا کوتله‌ گه‌وره‌که‌ ده‌کرێت پێک بهێنرێت به‌ڵام مه‌رج به‌رده‌وام بوونیه‌تی. نه‌بوونی موعاره‌زه‌یێکی به‌قوه‌تیش ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر به‌ خێرایی حکوومه‌ته‌کانی تێیدا بگۆڕدرێت.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی سێهه‌می عێراق زیادی کرد: ته‌سه‌ور ده‌کرێت له‌ ئێستادا ئه‌و حکوومه‌ته‌ی هێزه‌کان دروستی ده‌که‌ن حکوومه‌تێکی موسته‌قه‌ر بێت. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای قسه‌کردنه‌ له‌سه‌ر کوتله‌که‌ به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه‌ ئه‌ی قسه‌ کردن له‌سه‌ر به‌رنامه‌کان چی؟ واتا هه‌ریه‌ک له‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ کامه‌ به‌رنامه‌ی سیاسییان پێیه‌ و ئایا ده‌توانن ئیتیفاقی له‌سه‌ر بکه‌ن یان خێر؟ دیاره‌ به‌رنامه‌کان به‌و ئاسانییه‌ نییه‌ و به‌ تایبه‌تی به‌ بوونی موعاره‌زه‌ ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر بکرێت و ئایا حیزب و لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان به‌ حیزبی باڵاده‌ست و ئۆپۆزیسیۆنیشه‌وه‌ که‌ به‌شداریی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن ئایا ده‌توانن مافی خه‌ڵکی کوردستان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن یان سازشی له‌سه‌ر ده‌که‌ن بۆیه‌ ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغی کێشه‌ و قۆناغی گفتوگۆ کردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی که‌ هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی هه‌یه‌تی.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ باڵایه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی به‌رنامه‌ و هه‌ڵوێستی گۆڕان بۆ به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌تی نوێی عێراق ئاشکرای کرد: گۆڕان ئێستا له‌گه‌ڵ سێ لایه‌نی دیکه‌ی ناڕازیی هه‌رێم فراکسیۆنێکمان دروست کردوووه‌ و خاوه‌نی یه‌ک به‌رنامه‌ین که‌ باسی ماف و داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێم بچه‌سپێنین بۆ ئه‌وه‌ی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌حساب کردنی هاووڵاتیی پله‌ یه‌ک و پرسی بودجه‌ و مووچه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین و هه‌وڵ بۆ دیموکراسییه‌تی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان بده‌ین.

ئه‌مین به‌کر زیادی کرد: جێبه‌جێ کردنی ئه‌و به‌رنامانه‌ی چوار حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێم ڕایان‌گه‌یاندوووه‌ پێوه‌ندییان به‌ مادده‌ ده‌ستوورییه‌کانه‌وه‌‌ هه‌یه‌ و پێویست ئه‌کات بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ عێراقدا به‌ دڵنیایییه‌وه‌ جێبه‌جێ بکرێت کورد ئینتیما به‌ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ بکات ئه‌و مافانه‌ ده‌سته‌به‌ر بکرێن.‌

پێش پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتیی نێوان چوار حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێم پارتی و یه‌کێتی وه‌کوو دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان کۆی 43 کورسیی په‌رله‌مانیان پێیه‌ و هاوپه‌یمانێتیی کوردستانییان پێکهێنابوو و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان ده‌ستیان به‌ دانووستان کردبوو بۆ به‌شداری کردن له‌ پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ و به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی داواکارییه‌کانی کورد له‌ به‌غدا. ئه‌مین به‌کر له‌باره‌ی جیاوازیی به‌رنامه‌ی چوار لایه‌نی ناڕازی و پارتی و یه‌کێتی بۆ به‌شداری کردن له‌ حکوومه‌تی ئاینده‌ی عێراق به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: جیاوازییه‌که‌ هه‌ڵوێستی سیاسی و ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌یه‌ که‌ به‌ دوای جێبه‌جێ کردنی به‌رنامه‌کاندا دێت. ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا وه‌ره‌قه‌ و ئامانجی نووسراومان زۆر بوون که‌ بووبوونه‌ ته‌وه‌ری ڕێککه‌وتن له‌ نێوان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم و لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی که‌ له‌ خه‌می به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند پۆست و ئیمتیازاتێکدا بوون خه‌می جێبه‌جێ کردنی به‌رنامه‌که‌یان نه‌بوووه‌ بۆیه‌ هیچ کاتێک له‌سه‌ر جێبه‌جێ نه‌کردنی ئه‌و به‌رنامانه‌ی داوایه‌ته‌ به‌غدا و ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر کراوه‌ نه‌یانوتوووه‌ ئه‌و داوایه‌ بۆ جێبه‌جێ نه‌بوووه‌ یان ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستیان نه‌نواندوووه‌. هه‌روه‌هاش پۆستێکی وه‌کوو وه‌زیری دارایی متمانه‌ی لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌ن. پێویست ئه‌کات ئێمه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ڕێکبکه‌وین پۆسته‌کان لای ئێمه‌ زۆر گرینگ نییه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێششووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گوتیشی: ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ته‌رکیزمان له‌سه‌ر مه‌وزووعی ته‌زویر بوووه‌ و له‌ ماوه‌ی ئاینده‌شدا هه‌مان هه‌ڵوێستمان ده‌بێت.

ئه‌مین به‌کر له‌ کۆتاییدا ڕاشی‌گه‌یاند: گۆڕان و سێ لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی ئۆپۆزیسیۆن نه‌مانوتوووه‌ به‌شداریی حکوومه‌تی نوێ ده‌که‌ین یان خود بایکۆتی ده‌که‌ین به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی لای ئه‌م حیزبانه‌ گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌رنامه‌ و کارێکی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نێکیش ئاماده‌ بێت ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێ بکات ئه‌وا ئاماده‌ین کاری له‌گه‌ڵ بکه‌ین.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37859

Your Comment

You are replying to: .
captcha