کوتلە گەورەکەی پەڕلەمانی عێراق و سەنگی کورد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەر لە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی خولی چوارەمی پەڕلەماندا ململانێی نێوان لایەنەکان خۆی دەرخست و هەریەک لەو دوو هاوپەیمانییەی خۆیان بە کوتلەی گەورەی پەڕلەمان دەزانی مونافەسەی یەکتریان دەکرد و کوردیش هەر لەیەکەم دانیشتندا هۆڵی پەڕلەمانی بەجێ هێشت بۆیە ئاماژەکان دەڵێن ئەم خولەی حکوومەتی عێراق موناقەشە و ململانێکان قووڵترن.

کوردپرێس:

ھەموو لایه‌نه‌كان لە ھەوڵی پێکھێنانی گەوره‌ترین کوتلەی پەر‌لەمانیدان. پاش ئەوەی ڕەخنە لە کوتلە گەورەکە گیرا و دەوڵەتی یاسا و فەتحیش بە هەمان شێوەی سایروون و نەسر و حیکمە و میحوەری وەتەنی گەورەترین کۆتلەیان ڕاگەیاند ململانێ کەوتە نێوان لایەنەکان و هێشتاکە مەوزووعی کۆتلەی گەورەی پەڕلەمانی چوارەمی عێراق یەکلا نەبۆتەوە و پرسی پێکهێنانی حکوومەت بە کراوەیی ماوەتەوە. ئێستا چاوەکان لەسەر کورد زیاتر بوون شاندی یەکێتی و پارتیش بۆ گفتوگۆ لە بەغدان و پرۆژەیێکی ھاوبەشیان پێيە.

لە یەکەم دانیشتنی پەڕلەمانی چوارەم چی ڕووی دا؟

یەکەم کۆبوونەوەی پەڕلەمانی چوارەمی عێراق ڕۆژی دووشەمە 3ی ئەیلوول بەڕێوە چوو و ئەوەش لە کاتێکدا دوو بەرەی جیاواز کە لە چەند هاوپەیمانێتی پێک هاتبوون گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیان ڕاگەیاندبوو و هەریەکە لەو دوو بەرەیە کە شیعە سەرۆکایەتییان دەکات دەڵێن ئێمە کوتلە گەورەکەین؛ بۆیە ڕەنگە دادگای فیدراڵ ئەو مەوزووعە یەکلا بکاتەوە.

پاش ئه‌وه‌ی رێوڕه‌سمێک بۆ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، په‌رله‌مانتارانی خولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق سوێندی یاساییان خوارد و محه‌مه‌د عه‌لی زه‌ینی وه‌ک به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كەی‌ به‌رێوه‌ برد.

لە سەرەتای دانیشتنی یەکەمی پەڕلەماندا فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆككۆماری عێراق وتارێكی پێشكه‌ش كرد و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ماوه‌ی دیاریكراوی ده‌ستووری خۆی ده‌ست به‌ كار و چالاكییه‌كانی بكات.

هه‌روه‌ها گووتی كۆبوونه‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵوه‌گه‌ڕی سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی عێراق به‌سه‌ر هێزه‌ تیرۆریسته‌كاندا. پێویسته‌ هه‌موو عێراقییه‌كان هاوكار بن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌موارانه‌ی به‌رۆكی گرتن بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێن.

دواتر حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ وتارێكدا گووتی: "داوا له‌ په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌م هاوكاری حكوومه‌تی نوێی عێراق بن و كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی گرنگ دابڕێژرێ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی داهاتوو و هاووڵاتییانی عێراق بكات، پاش سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆردا كار بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و گه‌شه‌پێدانی ئابووری وڵات بكات".

هه‌ره‌وه‌ها عەبادی گووتی: "ساڵی 2014 كه‌ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقم وه‌رگرت به‌شێكی خاكی عێراق داگیر كرابوو و سوپا و پۆلیسی ئیتیحادی له‌ هه‌ره‌س نزیكببوونه‌وه ‌و كێشه‌ی تائیفی باڵی به‌سه‌ر عێراقدا كێشابوو، بۆیه‌ ئه‌و حكوومه‌تی دێت به‌شانازییه‌وه‌ شتێك له‌م حكوومه‌ته‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ ده‌توانم به‌شانازییه‌وه‌ بیڵێم له‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا داعش تێكشكێنرا".

سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی سێهەمی عێراق گووتیشی: "ده‌مانه‌وێت به‌ده‌نگ ئه‌و داواكارییانه‌شه‌وه‌ بچین كه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایێک داوای باشكردنی گوزه‌رانیان ده‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌شێكی زۆری بوودجه‌ و داهاتی وڵاتمان بۆ جه‌نگ ته‌رخان كرد، بۆیه‌ نه‌توانرا وه‌ك پێویست خزمه‌تیان بكرێت".

هەر لەدانیشتنەکەى پەرلەماندا سەلیم جبوورى سەرۆکى خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق باسى لەوە کرد، لە خولى سێهەمدا توشى دۆخێکى زۆر نالەبار بوون، بەڵام چەندین یاسایان دەرکردووە لە کاتى خۆیدا کە بەوتەى خۆى خولێکى سەرکەوتوو بووە.

جبووری ئاماژەى بەوەش کرد، پێویستە نەخشە ڕێگایێک بۆ داهاتووى عێراق دابنرێت و پێگەى یاسا و پەرلەمان بپارێزرێت و بوار بدرێت ئەرکەکانى راپەڕێنێت.

سەلیم جبووری سەرۆكی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەش كرد لەو خولەدا چەند دەستكەوتێكیان هەبووە، بە تایبەتی لە پرسی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی باڵا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، نەشیشاردەوە لەو خولەدا بەرەوڕوی چەندین كێشە و ئاستەنگ بوونەتەوە.

هاوكات داواشی لە پەرلەمانتارانی خولی چوارەم كردەوە، كاربكەن لە پێناو سەرخستنی چاكسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تیرۆر و ئاوەدان كردنەوەی ناوچە زیانبەركەوتووەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان.

سەلیم جبووری راشیگەیاند: پێویستە هەموومان داوای لێبوردن لە گەلی عێراق بكەن بەهۆی دواكەوتنی چاكسازی، ئەو داوای لێبوردنەش تەنها بە قسە نەبێت و نەخشەڕێگەیێكی كرداری بۆ جێبەجێ كردنی چاكسازی دابنرێت.

دواتر په‌رله‌مانتارانی خولی چواره‌می په‌رله‌مان چوونه‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی سوێندی یاسایی بخۆن و دانیشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتاری ئه‌وم خوله‌ كه‌ محه‌مه‌د عه‌لی زه‌یدییه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت.

هەر لە دانیشتنەکەدا دەرگاى خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکى پەرلەمان کرایەوە و شەش پەرلەمانتار خۆیان بۆ وەرگرتنى پۆستەکە کاندیدکرد کە پێکهاتوون لە رەشید عەزاوى، ئوسامە نوجێفى، تەلال زوبەیعى، محەمەد تەمیمى، ئەحمەد جبورى، محمەد حەلبوسى.

هه‌رچه‌نده‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستوور ده‌بێت له‌و دانیشتنه‌دا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێ، بەڵام چاودێران پێشبینی ده‌كه‌ن نه‌توانرێ ئه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت و دانیشتنه‌كه‌ به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌، چوونكه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنی پۆسته‌كان یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

سەنگی کورد

ھێشتا ھێزە سیاسیەکان بەرچاویان ڕوون نییە و نازانن کێیە ئەو کەسەی کە دەچێتە سەر کورسیی سەرۆک وەزیرانی عێراق. ئەوەی بۆ کورد گرنگە لەم قۆناغەدا پرسی کەرکووک و ناوچەی جێناکۆکە.

هاوکات هەر دوو هاوپەیمانييەکە هەوڵ دەدەن، لە رێگەی دانووستانن و جێبەجێکردنی مەرجەکانی کورد، پشتیوانیی کورد بۆ تەواوبوونی بنەماکانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بەدەست بهێنن. ئێستاش شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لە بەغدان و شه‌وی 2ی ئه‌یلوول شاندە هاوبه‌شەکە له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرک له‌ شاری هه‌ولێر کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقه‌وه‌ گفتوگۆیان کرد.

ئەحمەد ئەسەدی،سەرکردە لە هاوپەیمانێتیی بونیادنان بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەنگی 153 پەرلەمانتاریان بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بەدەست هێناوە. ئاماژەی بەوەش دا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوپەیمانێتییەکەیان و پەیوەندیکردن بە کوتلەکەیانەوە نزیکن.

بۆ بەشداریکردنی لایەنە سیاسیيەکانی ھەرێمی کوردستان، لە حکوومەت و پەرلەمانی نوێی عێراق جگە لە پرۆژەی نیشتمانیی پارتی و یەکێتی چوار لایەنە ناڕازییەکە پڕۆژەیێکیان ھەیە وەک خۆشیان باسی دەکەن پرۆژەکەی ئەوان بۆ ئەوەیە سەرجەم لایەنە سیاسیيەکانی کورد بە کۆدەنگی بڕۆنەوە بەغدا.

مه‌حموود عوسمان چاودێری سیاسی و سیاسەتوانی بەرجەستەی کوردیش ده‌ڵێت: دوای ئه‌وه‌ی دوو كوتله‌ی شیعه‌ دیاری كران كورد بوووه‌ته‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و پشتگیری له‌ ھه‌ر كوتله‌یێک بكات ئه‌و كوتله‌یه‌ ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین بۆیه‌ پێویسته‌ كوردیش به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی پشتگیری له‌ یه‌كێک له‌ كوتله‌كان بكات.

مه‌حموود عوسمان گوتیشی: "پێویسته‌ كورد به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی مامه‌ڵه‌ بكات و كامه‌ كوتله‌ زیاترین داواكاریی كورد جێبه‌جێ بكات پشتگیری له‌و كوتله‌یه‌ بكات، به‌ تایبه‌ت داواكارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و كه‌ركووک و ناشبێت له‌ ژێر ھیچ گوشارێكدا پشتگیری له‌ ھیچ كوتله‌یێک بكات چوونكه‌ ماوه‌ی ١٥ساڵه‌ گوێ له‌ وڵاتان ده‌گرین و ھیچیان بۆ كورد نه‌كردوووه‌."

ئەوەش لە کاتێکدایە فراکسیۆنە کوردییەکان بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە ڕاگەیاندنی کوتلە گەورەکە، هۆڵی کۆبوونەوەی پەڕلەمانیان بەجێ هێشت. جگه‌ له‌ كورد په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانێتیی ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح و چه‌ند لایه‌نێكی سوننه‌كان له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه ‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك راگیراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى كوتله‌ كوردييه‌كان، ڕۆژی 3ی ئەیلوول ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاو كرايه‌وه‌، كه‌ يه‌كگرتووى ئيسلامى چووه‌ته‌ پاڵ يه‌كێك له‌ كوتله‌ گه‌وره‌كان، به‌ڵام جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ره‌تی كرده‌وه‌، یه‌كگرتوو بچێته‌ ناو هیچ كوتله‌یێكی عه‌ره‌بی و رایگه‌ياند، یه‌كگرتوو به‌هیچ شێوه‌یێک نابێته‌ هاوپه‌یمانی كوتله‌یێكی عه‌ره‌بی و گفتوگۆشیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كردووه‌.

کوتلە گەورەکە

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یێک كه‌ دره‌نگانی شه‌وی دووشەمە 3ی ئەیلوول بڵاو كرایه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی سائیروون و نه‌سر و حیكمه‌ و وه‌ته‌نییه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی ڕاده‌گه‌یه‌نن.

له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا واژۆی ژماره‌یێک که‌سایه‌تی هه‌یه‌ له‌وانه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نه‌سر، عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌، حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا عاقوولی، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سائیروون، ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌، ئوسامه‌ نوجه‌یفی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی قه‌رار، ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی، محه‌ممه‌د عوسمانی خالیدی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی به‌یارق ئه‌لخه‌یر، قاسم ئه‌لفه‌هداوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی عابیروون، نه‌وفه‌ل شه‌ریف جه‌وده‌ له‌ پێكهاته‌ی سابیئه‌، عه‌مانوێل خۆشابا له‌ پێكهاته‌ی كریستیان، سائیب خدر.

هاوکات هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح گوتی: "ئێمە لیستی ناوەکانمان بە واژۆی 150 ئەندامەوە پێشکەش کردووە، برایانمان لەلایەنی دووەم ئەوانیش لیستی خۆیان بە واژۆی بەرپرسانی کوتلەکان و ئەندامان پێشکەش کردووە، بۆ نموونە برام عەبادی واژۆی لە بری 42 ئەندام کردووە، بەڵام لای هەمووتان روونە هەموو ئەندامانی کوتلەکەی لەگەڵی نەماون، ئەمە بەهەمان شێوە بۆ ئەوانەی دیکەش کە نامەوێت ناویان بهێنم، بۆ ئەوەی هیچ یەکێکیان توڕە نەبن، بەڵام سەبارەت بە ئێمە، ئێمە واژۆی 150 ئەنداممان پێشکەش کردووە و کار بۆ زیادکردنی ئەو ژمارەیەش دەکەین".

لەنێو سوننەکانشیدا هێشتا پرسی دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلانەبووەتەوە ئەوانیش ناکۆکیی زۆریان لەنێودا هەیە، بۆیە دانیشتنەکە بۆ رۆژی 4ی مانگ دواخرا.

ئەوەش لە کاتێکدایە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی خولی سێهەمی حکوومەتی عێراق خۆی وەک سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ناودێر کرد، ئەمەش سێ ڕۆژ پاش ئەوەی فالح ئەلفەیازی لەو پـۆستە دەرکرد لەسەر هەوڵدانی بۆ پـشتیوانیکردنی هاوپەیمانێتیـیێکی پەرلەمانی ڕکابەری.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی فەیسبووکەوە نووسیی: " فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دکتۆر حەیدەر عەبادی سەردانی بارەگای دەستەکەی کردووە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشەکە تیایدا."

ئێستا ناکۆکیی قووڵ لە نێوان هاوپەیمانیی نەسر، سائیروون، رەوتی حیکمە و وەتەنییە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح هەیە و هەردوولایان گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان راگەیاندووە، لەبەر ئەوەش دەوترێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە رەوانەی دادگای فیدراڵی کرا. ئەگەر بێتوو بڕیار لە سەر کوتلە گەورەکە نەدرێت و فراکسیۆنی گەورەی پەڕلەمانی چوارەمی عێراق ساغ نەکرێتەوە ئەوا هه‌ولێر ده‌بێته‌وه‌ ناوه‌ندى كردنه‌وه‌ى گرێكوێره‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تى عێراق و لايه‌نه‌ براوه‌كانى عێراق چاوه‌ڕێن سه‌نگى كورد به‌ كام لادا بكه‌وێت و بازى كورد له‌سه‌ر شانى كام لايه‌ن بنيشێته‌وه‌، ئه‌و لايه‌نه‌ راسپێردرێت بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى عێراق.

*لە سەر ئەرکی بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس داڕێژراوە

News Code 37813

Your Comment

You are replying to: .
captcha