مەلا بەختیار: زۆربەی ڕەهای جەماوەر متمانەی بەم حزبانە نەماوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى سیاسى و بەرژەوەندی یەکێتى رایگەیاند، ئەم سێ ڕاستییە یەک بە یەک چارەنووسی هێزه عیراقی و کوردستانیەکان دەخاتە قۆناغێکی سەختی تاقیکردنەوەی حکومڕانی و جەماوەری بۆ؟ وەڵامەکەی ڕۆشنە ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی ڕەهای جەماوەر متمانەی بەم حزبانە نەماوە.

کوردپرێس:

مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى سیاسى و بەرژەوەندی یەکێتى لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شکستیان هێناوە. تێکەڵەی حکومەتی شەرعی و ناشەرعی، عیراقی عەرەبی و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەدەبەن. لەبەردەم دۆخێکی وا ئاڵۆزدا هێزە کوردستانیەکان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی کەم بەرنامەی هاوبەشیان نیە.

مەلا بەختیار باسى لەوەشکردوە، ڕەوتی مووزایەدەخوازی ناو کوردایەتی، ناو بەناو ئەم ڕاستیە بابەتیە ئۆرگانیکیە لە نێوان بەشەکانی کوردستان و پرسی دیموکراسی دەکەنە پێخۆری هەستی هەڵچوونی ناسیۆنالیزم، سەرەڕای ئەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان شکستیان خواردوە.

لە وتارەکەیدا مەلا بەختیار روونییدەکاتەوە کە دۆخی دانووستان لە عیراقدا بۆ مافە پێشێلکراوەکانی ئابووری و سیاسی و دەستوری گونجاوترە. ئەگەر هێزە کوردستانیەکان لەڕوانگەی بابەتیەوە سەیری دۆخی کوردستان و عیراق نەکەن، پێداگری لەسەر مافە تەسکەکانی حزبایەتی بکەن. نەک هەڵەیەکی تەکنیکی بەڵکوو هەڵەیەکی ستراتیژی دەکەن. بۆیە هەلە بەقووڵی هەلومەرجەکە لێکبدرێتەوەو بە بەرنامەیەکی نەتەوەیی و دیموکراسیش، هەوڵ بدرێت توانای هێزە کوردستانیەکان یەک بخرێت.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا ئەندامەکەى ئەنجومەنى باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتى دەڵێت، ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا لە عیراقی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەفدی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەش دەسکەوتی هاوبەش بۆ کوردستان بەدیبێنن، بێگومان متمانەی رای گشتی کوردستان زیاتر بەدەستدێنن. بەپێچەوانەشەوە هەرهێزێکی کوردستانی، لەدۆڵێکی تەسکی حزبایەتی دەهۆڵ لێبدا بێگومان چارەنووسیان لە هەڵبژاردنی عیراق باشتر نابێت.

News Code 3781

Your Comment

You are replying to: .
captcha