بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە دیدارێکدا لەگەڵ پاولا کانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ھەرێم و ئوسترالیا کردەوە بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات بەتایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرھێنان ھانی سەرمایەداران و خاوەن کاران بدرێت لە ھەرێم سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ و ھاوکاربن بۆ پتەو کردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم.
بافڵ تاڵەبانی پەیوەست بە پرسە سیاسییەکانیش ھەڵوەستەی کرد لەسەر قۆناغی دوایی ھەڵبژاردن و ئەگەرەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بەشداری کورد، و روونی کردەوە: "دۆخی سیاسیی عێراق ناسەقامگیرە، ململانێی ئیقلیمی و ناوچەییەکان کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لەسەر سەقامگیری سیاسی و داھاتووی ئەو حکوومەتەی پێکدەھێنرێت، بۆیە تاکە رێگا و چارەسەر بۆ گەیشتن بە حکوومەتێک کە ببێتە مایەی ئارامی و رەزامەندی ھەمولایەک، پێکھێنانی حکومەتی شەراکەت و تەوافقییە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی لە بەڕێوەبردن چونکە ئەمە رێگا دروستەکەیە بۆ ئیستقراری سیاسی، ئابوری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیش".
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "وەک یەکێتی لەھەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانیی کوردین لەسەر بنەمای نەتەوەیی تا بتوانین وەک یەک ھێزی یەکگرتوو لە ناوەند داکۆکی لەمافەکانمان بکەین و بەشداری فیعلی بین لە بڕیار و ئیدارەدانی عێراق و کۆتایی بە سیاسەتی خۆسەپێنی و دەمارگیری بێنین و ناکۆکییەکانمان لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بکەین کە ئەم نیەتەش تەنھا بە یەکگرتویی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دێتەدی".
بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی وت: "یەکێتی لەبەردەم گۆڕانکاریی ریشەیی حزبیدایە و بەپێی پەیڕەو ھەڤاڵێتی کارەکانمان رێکدەخینەوە و زیاتر گرنگی بەتواناو ھێزی گەنجان دەدەین و دەیانھێنینە پێشەوە، کادریش لەسەر بنەماکانی رۆشنبیری و فیکری پەروەردە دەکەینەوە و ژیانی سیاسیمان بەتەواوەتی گەنج دەکەینەوە".
Your Comment