بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین/ بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید نابمەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی ڕایگەیاند: بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن کە بڕیارە ٣٠ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوابەدوای کۆبوونەوەی هەر دوو شاندی پارتی و هاوپەیمانی لە هەولێر، بەرهەم ساڵح لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: ئەوان وەک هاوپەیمانی بەشێک نیین لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم و ئەندامیشیان نییە لە پەرلەمانی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ڕێکار و تۆماری دەنگدەران تێبینییان هەیە و بڕیاریان وایە بەشداری هەڵبژادنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان نەکەن.

بەرهەم ساڵح هیواشی خواست پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت چوونکە کوردستان چیدی بەرگەی گرژی و ئاڵۆزی تر ناگرێت.

لە درێژەدا بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە كە باسیان لەوە دەكرد، بەرهەم ساڵح دەبێتە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆک كۆماری عێراق.

لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: تا ئێستا ھیچ حزب و لایەنێک بە فەرمی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی نەکردووە و کۆمسیۆن ٩٥%ی ڕێکارە ھونەرییەکانی ھەڵبژاردنی تەواو کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەیان لەگەڵ ھاوپەیمانی و لایەنەکانی تریش بۆ ئەوە بووە کۆدەنگییێک دروست بکەن لەبارەی چوونی کورد بۆ بەغدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شارەکانی هەولێر و سلێمانی بوونەتە ناوەندێکی گەرم بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چۆنیەتی چۆنیان بۆ بەغدا و دواخستن یاخود ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ٣٠ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 37771

Your Comment

You are replying to: .
captcha