ئێران به‌شداریی له‌ دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌ی سووریادا ده‌كات

به‌شی ئێران/ کورددی- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی شارسازی و ڕێگاوبانی ئێران ده‌ڵێت: كۆماری ئیسلامیی ئێران كه‌ ماوه‌ی 7 ساڵه‌ پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌تی سووریا له‌ شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌كات، به‌شداریی له‌ پرۆژه‌كانی دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی سووریادا ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ته‌یموور به‌شیرگۆنبه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی شارسازی و ڕێگاوبانی ئێران زانیاری سه‌باره‌ت به‌و ڕێككه‌وتننامانه‌ بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌ی ڕێگاوبانه‌كانی سووریا ڕاگه‌یێندراوه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌كانه‌وه‌ به‌شێكی زۆریان خاپوور بوون و له‌ میانی سه‌ردانی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ری كاربه‌ده‌ستانی وڵاته‌كه‌ی بۆ سووریا واژۆ كراون.

ته‌یمور به‌شیرگۆنبه‌ندی له‌ لێدوانێكدا باسی له‌وه ‌كرد: له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی له ‌نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا واژۆ كراون، به‌ڵێنده‌ره‌ ئێرانییه‌كان ئه‌ركی دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.

هاوكات ئێران له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌كاندا ئه‌ركی دروست كردنی 30 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ سووریا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت كه‌ به‌شێكی زۆری یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌و وڵاته‌ به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ خاپوور بوون.

به‌شیر گۆنبه‌ندی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: یه‌كێک له‌ گرنگترین بڕگه‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌كان بریتییه‌ له‌ دروست كردنی ٣٠ هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌لایه‌ن به‌ڵێنده‌ره‌ ئێرانییه‌كانه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ڕێگاوبان به‌ هێڵه‌ ئاسنینه‌كانیشه‌وه‌ دووباره‌ بنیات بنرێنه‌وه‌.

ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌ی وه‌زاره‌تی شارسازی و ڕێگاوبانی ئێران سه‌باره‌ت به‌و هێڵه‌ ئاسنینه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ده‌به‌ستێته‌وه‌ ده‌شڵێت: هێڵه‌كه‌ له‌ شاری به‌سره‌ی باشووری عێراقه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ی ئه‌لبوكه‌مال و له‌وێشه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌یره‌زوور و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ له ‌نێوان به‌غدا- دیمه‌شق- تاراندا ئه‌نجام دراون.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37767

Your Comment

You are replying to: .
captcha