ڕێکەوتن کراوە لەسەر کاندید بوونی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بافل تاڵەبانی، کوڕی گەورەی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق تاوەکوو ئێستا چەند جارێک لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆ بووەتەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو یەکێتی و ببێتە بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا زۆرترین لێدوانی لەبارەوە دراوە، بەڵام هێشتا مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەیتوانیوە لەسەر بەربژێرکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە بگاتە هیچ ئەنجامێک.

لە دوایین کۆبوونەوە کە شەوی ڕابردوو لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەڕێوەچووە، هەردوولا رێککەوتوون کە بەرهەم ساڵح ببێتە بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەو رێککەوتنە ڕازی نییە.

ئەگەرچی باس لە چەند بەربژێرێک دەکرێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیازی کردبن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەوانەش محەمەد سابیر، هاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی، بەڵام هێشتا سەرنجەکان لەسەر بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری زیاترن.

پێشتریش دوای هەڵبژاردنی مانگی نیسانی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی نەیتوانی بەربژێری سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە، لە نێوان فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح، تاوەکوو لە 24- ی تەممووزی 2014 بە دەنگدان لە نێوان فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فوئاد مەعسووم وەک بەربژێری کورد بۆ سەرۆکۆمار دیاری کرا.

خواستی بوون بەسەرۆک کۆمار و بەربژێرنەکردنی لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە بەرهەم ساڵحی نیگەران کرد، رەخنەی زۆری لە سیاسەتەکانی بەڕێوەبردنی یەکێتی گرت و بەڕوونی لە چەند پەیامێکی جیاوازدا رایگەیاند کە خەڵک لە سیستەم و سیاسیەتی بەڕێوبردنی یەکێتی رازینین، دواجار ئەو نیگەرانییانە بوونە هۆکاری جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح و دروست کردنی قەوارەی هاوپەیمانی.

بەڵام ئەم هاوپەیمانییە نوێیەش نەیتوانی خەونی بوونە سەرۆک کۆماری عێراقی بەرهەم ساڵح بکاتە راستی، چوونکە تەنیا دوو کورسیی لە هەڵبژاردنی مانگی ئایاری رابردوو بەدەست هێنان. دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانیش دیسان باسی چوونەوە نێو یەکێتی و خواستی بوونەوە سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن بەرهەم ساڵح بووە رۆژەڤ و لێدوانی جیاوازی لەبارەوە دران.

محەممەد رەئووف، ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەکێتی بە "ئینتحاری سیاسی" وەسف دەکات. دەشڵێت، ئەو قسانە راست نین و یەکێتی نەگۆڕاوە تاوەکو بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو ئەو حیزبە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 37738

Your Comment

You are replying to: .
captcha