یەکێتی لەبارەى پۆستی پارێزگاری کەرکووک پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیژنه‌ی باڵای ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی لە کەرکووک ڕایگەیاند، پۆستی پارێزگاری که‌رکووک پشکی کورده‌ و له‌ناو کوردیشدا پۆستی یه‌کێتییه‌. 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنه‌ی باڵای راگه‌یاندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان/که‌رکووک لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: "له‌ دوای کۆتاییهێنانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌رکه‌وتنی ئه‌نجامه‌کانی، چه‌ند به‌رپرسێکی پارتی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ پارتی ده‌نگی یه‌که‌می که‌رکووکی به‌ده‌ستهێناوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پۆستی پارێزگاری که‌رکووک بۆ ئه‌وان بێت".

لیژنەکە جەخت دەکاتەوە و دەڵێت: "لێره‌وه‌ ده‌مانه‌وێ رای گشتی و که‌رکووکییه‌ دلێره‌کان له‌م چه‌واشه‌کارییانه‌ ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و قسه‌و بانگه‌شانه‌ی پارتی ده‌یانکات هیچ راستییه‌کی تێدا نییه‌، چوونکه‌ ده‌نگه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌کانی یه‌کێتیی و پارتی ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمنێت که‌ کام لایه‌نه‌ ده‌نگی یه‌که‌مه‌ له‌ که‌رکووک".

باسی لەوەش کردووە، "به‌پێی دوا ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان، پارتی له‌ که‌رکووک ته‌نها 49631 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ کاتێکدا یه‌کێتیی 82380 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌و ده‌نگانه‌ی که‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌کێتیی له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی یه‌کێتی به‌ده‌ستیان هێناوه‌ ئه‌ژمار بکه‌ین ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی یه‌کێتیی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ که‌ باسمان کرد. بۆیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر راستی و دروستی ئه‌م ژمارانه‌دا عه‌یبه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ به‌رپرسانی پارتی بڵێن ئێمه‌ ده‌نگی یه‌که‌مین له‌ که‌رکووک، ئه‌گه‌ر هاتباو ته‌کنیک و سیستمی هه‌ڵبژاردن رێگر نه‌بوایه‌ له‌ به‌رده‌م پڕۆسه‌که‌، لانی که‌م یه‌کێتیی 5 کورسیشی به‌ده‌ست ده‌هێنا."

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی پارێزگاری که‌رکووکیش، وێڕای جه‌خت کردنه‌وه‌مان که‌ ئه‌و پۆسته‌ پشکی کورده‌ و له‌ناو کوردیشدا پۆستی یه‌کێتییه‌، داوا له‌ هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ده‌که‌ین له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی نیشتمانی کۆببنه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌، به‌ تایبه‌تیش داوا له‌ به‌رپرسانی پارتی ده‌که‌ین به‌م هه‌ڵوێسته‌یان نه‌بنه‌وه‌ رێگر له‌ به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری که‌رکووک وه‌ک له‌ رابردوودا کردیان، له‌ کاتێکدا لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک ده‌یتوانی ئه‌و پۆسته‌ بۆ کورد وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام! به‌رپرسانی پارتی بوونه‌ رێگر له‌ به‌رده‌م ئه‌و هه‌نگاوه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ و جارێکی تر بوونه‌وه‌ مایه‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌م پارێزگاره‌ سه‌پێنراوه‌ی که‌رکووک له‌ پۆسته‌که‌ی".

News Code 3770

Your Comment

You are replying to: .
captcha