کوردپرێس:
کورد چەند شاندی ناردۆتە دیمەشق و هۆکاری دانووستانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ سێ خاڵی سەرەکەی کە بریتین لە: ئەگەری کشانەوەی ئەمرکا لە سووریا و هەڕەشەکانی تورکیا و هەوڵی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد کە زیاتر لە سەدا 27ی خاکی سووریایە.
کوردی سووریا دەڵێت لە سەر بانگهێشتی دەوڵەتی ناوەند چوونەتە دیمەشق و چەند لیژنەشیان پێکهێناوە بۆ دیراسە کردنی شێوازی دانووستاندن و دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق و گرینگترین داواکاریی کوردیش ئەوەیە کە ئەو سیستەمە نافەرمییەی خۆبەڕێوەبەری کە ئێستا حاکمە بۆ کورد بمێنێتەوە.
کورد پێشتریش بە ناوی نیازپاکییەوە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی تەبقا و وزەخانەی ئەو بەنداوەی بە فەرمانبەرەکانیەوە ڕادەستی دەوڵەتی ناوەند کردووە.
ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس پڕۆفیسۆر دەیڤید ڕۆمانۆی دواندووە بەو مەبەستەی ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو ئەگەرەی باس لە ڕێککەوتنی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەکات. ناوبراو بڕوای وایە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە بەهێزە و ئەگەر وا نەبووبا هەرگیز دەستیان بە دیالۆگ کردن نەدەکرد.
دوکتۆر ڕۆمانۆ بە کوردپرێسی وت پێچەوانەی پێوەندیی نێوان دەوڵەتی ناوەند و بەرهەڵستکارە سوننەکانی ئیدلیب، ڕێککەتنی نێوان کورد و دیمەشق چاوەڕوان دەکرێت ئەگینا ئەو دوو لایەنە دەستیان بە دانووستاندن نەدەکرد.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا و ڕووسیا کە هەردووکیان خۆیان بە هاوپەیمانی کورد دەزانن ڕایگەیاند: ڕووسیا یارمەتیی دەوڵەتی سووریای داوە و زیاتر لە سەدا 50ی خاکی سووریای خستۆتەوە دەست دەوڵەتی ناوەند و گومانی تێدا نییە کە پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان کورد ودەوڵەتی دیمەشق دەکات بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا هێشتاکە ڕوون نییە. ئەمریکا لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان کورد و دەوڵەتی سووریا هیچی نەدرکاندووە. ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنە بێگومانی بە حەزی سعوودیە و ئەمریکا نابێت بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەمریکا هیچ بژاردەیێکی دیکەی وەکوو ئەڵتەرناتیڤ نەخستۆتە بەردەست کورد بۆ ئەوەی لە جێگای ڕێککەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق بیگرێتە بەر.
پڕۆفیسۆر ڕۆمانۆ لەبارەی ئامانجی کوردی سوریا بۆ دیالۆگ کردن لەگەڵ دیمەشقبە کوردپرێسی ڕاگەیاند کورد مەبەستیەتی ئەو سیستەمە خۆسەرییەی ئێستا بە نافەرمی لە باکووری سووریا ئیدارەی دەکات بە دەستیەوە بمێنێت.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە ئایا کورد ئەو مەبەستەی پێ دەبرێتە سەر یان خەیر بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: دەوڵەتی سووریا ئێستا گیرۆدەیە بە کێشەی ئیدلیب و عەفرینەوە هەر بۆیەش پێ دەچێت کورد لە کورت مەودادا ئەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییەی بۆ بچەسپێت.
دوکتۆر ڕۆمانۆ لە بارەی ئایندەی قەیرانی سووریاوە ڕایگەیاند: ئەگەر دەوڵەتی ناوەند ئاوڕ لە داوای کورد بۆ ئیجرائاتی لامەرکەزیەت بداتەوە ئەوا دەتوانێت لە ناوچچەی ژێرکونتڕۆڵی کورددا ببێتەوە بە خاوەن دەسەڵات. بەڵام تورکیا دۆخێکی باشی نییە و تاکە بژاردەی ئەوە دەبێت کە یارمەتیی سووریا بدات بۆ ئەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد لە کورد بسێنێتەوە و بەو مەبەستەش دەبێتواز لە عەفرین و ئیدلیب بهێنێت. عەلا کوللیئێستا عەفرین بە دەست ملیشیای سەر بە دەوڵەتی تورکیایە و ئەگەر بێتوو سووریا هێرش بکاتە سەر عەفرین ئەوا ڕووسیا ڕێگە نادات تورکیا فڕۆکەی جەنگی بفڕێنێت و دژ بە هاوپەیمانەکەی ڕووسیا واتا دەوڵەتی دیمەشق بەکاری بهێنێت.
ڕۆمانۆ لە بارەی هەڵوێست و کاردانەوەی تورکیا بەرانبەر بە ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق بە کوردپرێسی وت: تورکیا دوو بژاردەی هەیە: یان دەبێت دەست لە میلیشیاکانی لە سووریا بەر بدات یان بەردەوام لەم سیاسەتەی ئێستای خۆی کە لەگەڵ ئەوەش دیمەشق و کورد خەریکن مامەڵە دەکەن و ئەگەر هەیە بەرەو ئیدلیب و عەفرین پێشڕەوی بکەن. ئەگەر بێتوو تورکیا بژاردەی دووهەم هەڵبژێرێت ئەوا نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکات کە ڕووسیا ڕێگای پێ بدات فڕۆکە جەنگییەکانی لە ئاسمانی سووریا دژ بە دیمەشق بەکار بهێنێت ئەوەش تەنگ بە ئەنقەرە هەڵدەچنێت.
Your Comment