فوئاد مەعسووم: ئەگەر داوام لێبکرێت ئامادەم خۆم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بکەمەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، ئەگەر داوای لێبکرێت ئامادەیە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بکاتەوە.

کوردپرێس:

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیاییی رووداو، سەبارەت بە خۆکاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، فوئاد مەعسووم رایگەیاند "پۆستی سەرۆککۆمار جێگەی شانازییە بۆ من، ئێستاش ئەگەر داوام لێبکرێت ئامادەم ئەو پۆستە وەربگرمەوە، بەڵام خۆکاندیدکردنیش پەیوەستە بەو لایەن و رێککەوتنانەی لە نێوانیان دەکرێت".

ناوبراو دەشڵێ "لە ئەرکەکانی سەرۆککۆمار ناڕازیم چونکە دەسەڵاتەکانی کەمە، حەزمدەکرد دەسەڵاتی زیاتری هەبووایە".

فوئاد مەعسووم دەڵێت، گلەییم هەیە کە گرنگی بە کارەکانی نەدراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی ئەوەی نەداوە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی یاخود ماڵپەڕێکی گەورەی هەبێت تاوەکوو کارەکانی بە خەڵکی ئاشنا بکات.

ناوبراو گوتیشی، رۆژی دووشەممە 3ی ئەیلوول دوا وادەی ئەو 15 رۆژەیە کە دادگای فیدراڵی دیاریی کردووە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، بۆیە بە مەرسوومی سەرۆکایەتی داوای کردووە دووشەممەی داهاتوو پەرلەمان کۆ ببێتەوە.

سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت، ئومێد دەکەم لەو چەند رۆژەی کە ماوە فراکسیۆنەکان رێک بکەون، چوونکە دەبێ پێش کۆبوونەوەکە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی یەکلایی بووبێتەوە و ناوی خۆی تۆمار کردبێت.

فوئاد مەعسووم ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێ لە دانیشتی یەکەمی پەرلەماندا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دەستنیشان بکرێت و ناوی خۆی تۆمار بکات، ئەگەر ئەوە نەکرێت کێشەی زۆر دروست دەبێت. دەشڵێ، ئەگەر بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاساییی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەکە نەکرا ئەوکات دیسانەوە دەبێ سەرۆککۆمار بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکان کاتێکی دیکە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستنیشان بکات.

سەبارەت بە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، فوئاد مەعسووم دەڵێت، ئەگەر دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە ئەوە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە، چوونکە دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان نابێ درێژە بکێشێت و دەبێ لە یەکەم کۆبوونەوەدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، هەروەها سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، سەرۆککۆماری نوێش بەرپرسیارە لەوەی کە کەسێک لە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

فوئاد مەعسووم دەڵێت "ناکۆکیی شیعەکان ناگاتە ئەو ئاستەی بیر لە پارچەپارچەبوونی ناوچەکانیان بکەنەوە، هەمووان عێراقی یەکگرتوویان دەوێت، چاوەڕێ دەکەم لە ماوەی هەفتەیێکدا لایەنەکان رێک بکەون".

سەبارەت بە رۆڵی کورد، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، دەبێ کورد شتەکان بەیەکترەوە ببەستێتەوە، پێش هەموو شت دەبێ پێداگری لەسەر دیموکراسی لە عێراقدا بکاتەوە، پاشان بێتە سەر داواکارییەکانی لەوانەش کێشەی سنوور و ناوچە کێشەلەسەرەکان، هەروەها پرسی نەوت لەلایەن فراکسیۆنە کوردییەکانەوە بخرێتە ڕوو.

News Code 37676

Your Comment

You are replying to: .
captcha