کوردپرێس:
دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا باسی لە چەند پرسێک کرد، لەوانەش خۆکاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، داواکاریی خۆپیشاندەران و گەرمارۆکانی سەر ئێران.
لەبارەی پرسی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، عەبادی ئاماژەی بە نامەیێکی ئایەتوڵڵا سیستانی کرد لە ساڵی 2014 کە ئاراستەی کردووە.
عەبادی گوتی "پۆست هیچ شتێک نییە و سوور نیم لەسەر پۆست و سووریش نابم. ئەوەی گرنگە سوورم لەسەر خزمەتکردنی وڵات. ئەوە دەڵێم نهێنی نییە، ئێوە دەزانن لە 2014دا و دوای هاتنی داعش و نامە گۆڕینەوە هەبووە لەگەڵ سەماحەتی بەڕێز سیستانی و نامەکانیش بڵاو بوونەوە. سەماحەتی بەڕێز سیستانی، بە نووسراوێک و واژۆ و مۆری خۆی وەڵامی داینەوە. باسی گۆڕینی سەرۆکوەزیرانی کرد. سێ ئامانجی بۆ سەرۆکوەزیران دیاری کرد کە لەماوەی خولی خۆیدا بەدەستیان بهێنێت؛ یەکێکیان لەنێوبردنی تیرۆر بوو. دووەم لەنێوبردنی تائیفی بوو، سێیەمیان یەکخستن و رێگریکردن بوو لە دابەشبوون".
لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە، عەبادی گوتی "سوپاس بۆ خودا بەشێکی گرنگی ئەوانە بەدەست هاتوون لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا، ئەوەی دەیەوێت ئەم کاروانە تەواو بکات، بەخێربێت، بەڵام دەبێت کاروانەکە تەواو بکات، نەک بۆ دواوە بگەڕێتەوە بۆ دابەشبوون و تائیفی".
لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا عەبادی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەنگ لەسەر داواکارییەکانی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایانە درا، کە لەگەڵیان کۆ بووەتەوە، کە دوایین شوێن پارێزگاکانی کەربەلا و نەینەوا بووە.
عەبادی گوتیشی "پشتیوان بەخودا لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەش کۆ دەبینەوە، ئەو پارێزگایانەی ماونەتەوە لەگەڵیان کۆببینەوە بریتین لە پارێزگاکانی سەلاحەدین، دیالە، ئەنبار و کەرکووک هەروەها لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش کۆ دەبینەوە. بۆ ئەوەی سەیری داواکارییەکانیان بکەین و بەشێوەیێکی دروست و دادپەروەرانە مامەڵە بکەین لەگەڵ هەموو هاووڵاتییانی عێراقی".
حەیدەر عەبادی باسی لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانیش کرد و رایگەیاند، لەگەڵ سەپاندنی سزای ئابووری نین لە دژی هیچ وڵاتێک و ئەم هەڵوێستەی حکوومەت ستراتیژییە.
عەبادی راشیگەیاند، حکوومەتی عێراق شاندێک رەوانەی ئەمریکا دەکات، بەمەبەستی لێکتێگەیشتن لەبارەی مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئێران. گوتیشی، لیژنەیێکی باڵا بەسەرۆکایەتیی بانکی ناوەندیی عێراقی پێکهێنراوە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
Your Comment