لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە ھەڵبژاردن دوا بخات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بابەتی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا دێت گەرمتر دەبێت و ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستانیش ئاشکرای کرد، تا ئێستا ھیچ لایەنێک بە فەرمی لە پەرلەمان داوای دواخستنی نەکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و چەند ڕۆژی داھاتوو بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێ دەکات، بەڵام دواخستنی ھەڵبژاردنیش لە لایەن ھەندێ لایەنی سیاسییەوە باسی لێوە دەکرێت.

مەدحەت سلێمان، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان جەختی کردەوە، تا ئێستا ھیچ لایەنێک بە ئاشکرا پڕۆژەی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان نەکردووە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول و دەڵێت: "بێگومان ھەندێ لایەنی سیاسی دەخوازن ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێت بۆ کاتێکی دیکە و لە وادەی خۆیدا کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی دابێ بەڕێوە بچێت ئەنجام نەدرێت.

ڕاوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆربەی لایەنەکان ئەو نیەتەیان ھەیە، بەڵام بە فەرمی پڕۆژەیان پێشکەش نەکردووە، مەگەر لە ڕۆژانی دابێ پێشنیارێکی وەھا بکەن، کە من باوەڕم وایە زیانی زۆری دەبێت ئەگەر بێت و ھەڵبژاردن دوا بخرێت".

لەبارەی دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەبارەی دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەوە مەدحەت سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دواخستنی ھەڵبژاردن لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە، ئەو بابەتە پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چوونکە پێویستە لە پەرلەمانیش یاساکە ھەموار بکرێتەوە و زۆری دەوێت تا سەربگرێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 37663

Your Comment

You are replying to: .
captcha