کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: لەکۆی 295 تانە، یەک تانە قبووڵ کراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆی 295 تانە کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون و ئەمڕۆ لێیان کۆڵیونەتەوە، یەک تانەیان لە پارێزگای کەرکووک قبووڵ کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە تانەکانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ڕۆژی هەینی 22ی ئۆکتۆبەر بەشی پەیوەندیدار بە تانەکان بەردەوام بوو لە لێکۆڵینەوە لەو تانانەی کە پێشکێشمان کراون؛ بۆیە ئەمڕۆ 295 تانە خرانە بەردەم ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و دوای کۆتاییهاتنی رێکارە پێویستەکانی لێکۆڵینەوە لە رۆشنایی بەڵگە و راسپاردە پێشکێش کراوەکان؛ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە هۆکاری جیاجیا 294 تانەی رەت کردەوە."

گرنگترینی هۆکارەکانیش لە رەتکردنەوەی تانەکان بە گوتەی کۆمیسیۆن، بریتین لە "نەبوونی بەڵگە لە تانەکەدا یان سەرپێچی کردنی دەقی بڕگەی یەکەمی ماددەی 38ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چوونکە ئەوەی تانەکەی پێشکێش کردووە وێستگەکە یان ناوەندەکەی دیاری نەکردووە کە تانەی لە ئەنجامەکانی داوە؛ لەبری ئەوەش داوای کردنەوەی هەموو وێستگەکانی بازنەی هەڵبژاردنەکەی کردووە؛ یان بەهۆی ئەوەی ئەنجامەکان کە تانەکارەکە دەڵێ دروستن هەر هەمان ئەو ئەنجامانەن کە راگەیێندراون؛ بۆیە ئەو تانانە لەگەڵ راسپاردە رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەکرێن بۆئەوەی بەپێی یاسا بڕیاریان لێ بدات."

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "هاوکات ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە پشتبەستن بە تانەی یەکێک لە بەربژێرەکان لە پارێزگای کەرکووک بڕیاریدا دەنگەکانی چەند وێستگەیەکی هەڵبژاردن کە تانەیان لێدراوە بە دەست بژمێردرێن و جیایان بکاتەوە، چونکە ئەو تانەیە بەڵگەی لەگەڵدایە، دواتر دوای کۆتاییهاتنی رێکارەکانی بە دەست ژماردن و جیاکردنەوە، بەڵام بە دەست ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی بەربژێرە رکابەرەکان دەبێت لەو وێستگانە بەپێی وادە و رێکار و شێوازێک کە دواتر دیاری دەکرێت و پێشوەخت لێیان ئاگادار دەکرێنەوە."

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆتاییدا بەڵێن دەدات کە "لە تانەکانی دیکەش بکۆڵێتەوە و رۆژانە وردەکارییەکانی تانەکان لە رۆشنایی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکات تاوەکوو هەموو تانەکان تەواو دەبن."

News Code 3765

Your Comment

You are replying to: .
captcha