سەرەنجامی ستراتیجی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا

فەرید ئەسەسەرد بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمریكییەكان پێیان وایە ستراتیجی سزا ئابوورییەكان ستراتیجێكی كارایە و شایستەی ئەوەیە كە ئومێدی بەدی هێنانی ئامانجەكانی لەسەر هەڵچنرێ‌. بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە بەم رەهاییە دروست نییە و مێژوی پەیوەندییە سیاسییەكان سەركەوتویی ئەم ستراتیجەی بە شێوەیێكی رەها نەسەلماندووە.

کوردپرێس:

لە وتارێکیدا لەبارەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران فەرید ئەسەسەرد دەنووسێت: ئەزموونەكانی پێشوو نیشانیان داوە كە ستراتیجی سزا ئابورییەكان بەبێ‌ هاوكاریی لایەنەكانی تر ئامانجی خۆی ناپێكێ‌. لە نموونەی سزا ئابورییە سەپێنراوەكانی سەر ئێراندا، ئەمریكا بۆ دەستەبەركردنی ئامانجە خوازراوەكان ناچارە فشار لەسەر لایەنەكانی تر دروست بكا بۆ پابەندبوون بە بەرنامەی سزاكان، هەروەک ئەمجارە زێدەڕۆییشی لە سزاكاندا كردووە بە شێوەیێک كە مەحاڵە بەبێ‌ كاردانەوەی توند تێپەڕێ‌.

كێشەكە لەوە دایە كە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا نەک هەر تەنگ بە ئێران هەڵدەچنێ‌، بەڵكوو تەنگ بە ژمارەیێكی زۆری دەوڵەتانیش هەڵدەچنێ‌ كە پێیان وایە سزاكانی ئەمریكا زیان بە ئابوورییان دەگەیێنێت.

هەر لەم سەروبەندەدا، دەرچونی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندیی لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا بەجێ‌ هێشت. سەپاندنی سزاش بەسەر ئێراندا ئەورووپا و چین ‌و ڕووسیای دژی ئەمریكا یەكخست. ڕاگەیێندراوە هاوبەشە سێقۆڵییەكەی فەرەنسا و بریتانیا ‌و ئەڵمانیا، پەیامی ئەورووپای بە ڕوونی بە ئەمریكا گەیاند و نیشانی دا كە سزاكان زیانێكی زۆر لە ئابووریی ئەورووپا دەدەن.

ئەگەر ئەم تێڕوانینە بەردەوام بێ‌، دەشێ‌ ئەمە بە سەرەتای لێكترازانی جیهانی رۆژئاوا بژمێردرێ‌. لەم گۆشە نیگایەوە، یوشكا فیشەر وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەڵمانیا، پاش سەردانەكەی ترەمپ بۆ ئەورووپا، لە وتارێكدا كە لە سایتی پرۆجێكت سایندیكەیت بڵاوی كردۆتەوە، وتی كە ئەو هیچ گومانی لەوەدا نییە كە ترەمپ ‌و تیمەكەی "خوازیارن سیستمی نێودەوڵەتی ‌و سیستمی بازرگانیی جیهان وێران بكەن". لە هەلومەرجی ئێستادا ئەورووپییەكان سەرقاڵی پاراستنی كۆمپانیاكانن ‌و لەم سەروبەندەدا دەیانەوێ‌ یاسایێكی ساڵی 1996 زیندوو بكەنەوە كە لێناگەڕێ‌ كۆمپانیاكانی ئەورووپا پابەندی سزا ئەمریكییەكان بن.

ئەورووپییەكان دەترسن سزاكان ببنە مایەی هەڵوەشانەوەی سیستمی نێودەوڵەتی. لەم بارەیەوە رۆژنامەی دەیلی تلگراف لە وتارێكدا بە ناونیشانی "كۆتایی سیستمێكی نێودەوڵەتی" زۆر بە قووڵی باسی نیگەرانییەكانی ئەورووپای كردووە. تەنها ناونیشانی وتارەكە بەسە بۆ هەڵسەنگاندنی قەوارەی نیگەرانیی ئەوروپییەكان. وتارەكە بە ڕوونی رایگەیاندووە كە "سیاسەتی ترەمپ وردە وردە ئەو سیستمە نێودەوڵەتییە تەفروتوونا دەكا كە لە ساڵی 1945 بەدواوە لە ئارا دایە".

ئەگەر ئەورووپییەكان لەوە دڵنیا بن كە جیهانی رۆژئاوا بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ‌، ڕەنگە بگەڕێنەوە سەر سیاسەتی سەرۆک ‌و دامەزرێنەری كۆماری پێنجەمی فەرەنسا جەنرال چارل دیگۆل كە لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا كاری بۆ ڕزگاركردنی ئەورووپا لە هەژمونی ئەمریكا كردووە و پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ مۆسكۆ و تەواوی بلۆكی رۆژهەڵات بەهێز كردووە، بەتایبەتی كە كەش ‌و هەوای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئەمڕۆی ئەورووپا زۆر لە كەشوهەوای پەیوەندییە نێودەوڵەتییە زاڵەكانی سەردەمی جەنرال دیگۆلەوە نزیكە.

گومان لەوەدا نیە كە سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكا كاریگەرییان لەسەر ئێران دەبێ‌، بەڵام ئێران لانی كەم ئەزموونی پێنج ساڵ بەرپەرچدانەوەی سزاكانی هەیە، جگە لەوەی كە ڕووسیا و چینی-ش بەرژەوەندییان لەوەدا نییە كە ئەمریكا هەموو ئامانجەكانی خۆی لە رێی سەپاندنی سزاكانەوە بەدی بێنێ‌.

ژیان لە سایەی سزا ئابورییەكان ئاسان نییە، بەڵام بەكردەوە هیچ بەڵگەیێک لەسەر ئەوە نییە كە سزا ئابورییەكان رژێمە سیاسییەكانیان پێ‌ دەگۆڕدرێ‌. لە نموونەی عێراقدا، سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ ماوەی 13 ساڵ تەنگیان بە عێراقییەكان هەڵچنی ‌و رژێمی عێراقیان لاواز كرد، بەڵام لە بەرەنجامی كۆتاییدا سزا نێودەوڵەتییەكان رژێمی سیاسیی عێراقیان نەڕووخاند و بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەمریكا لە ساڵی 2003 دا جەنگی لە دژی رژێمی پێشوو هەڵنەگیرساندایە، ئەو رژێمە تا ئەمڕۆ ما بوو.

سزاكانی ئەمریكا كێشەیێكی تریشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە چاوەڕوان ناكرێ‌ هەموو دراوسێكانی ئێران پابەندی سزاكان بن ‌و پەیوەندییە ئابوورییەكانیان لەگەڵ ئێران بپچڕن، لەوانە هەر سێ‌ دەوڵەتی عێراق ‌و توركیا و پاكستان كە سەرجەمی درێژیی سنووریان لەگەڵ ئێران 2890 كیلۆمەتر تێدەپەڕێنێ‌.

هەموو ئەمە، نیشانی دەدا كە ستراتیجی سزا ئابوورییەكان، بەو چەشنەی كە ترەمپ هەوڵی جێبەجێ‌ دەكا، ستراتیجێكی ئاڵۆزە و مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی نێودەوڵەتی ‌و زۆر كاردانەوەی لێ‌ كەوتۆتەوە و لە ئایندەشدا كاردانەوەی دیكەی لێ‌ دەكەوێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 37632

Your Comment

You are replying to: .
captcha