بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاتنی شاندەکە بەمەبەستی ڕازی کردنی ئەو دوو حیزبە کوردستانییەیە کە زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقیان هێناوە لە کوردستان، بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
نسار رەبیعی و جاسم حلفی لە هاوپەیمانی سائیروون، عەدنان زەرفی و خالد عوبەیدی لە هاوپەیمانی نەسر، ئەحمەد فەتلاوی و عەبدوڵڵا زەیدی لە رەوتی حیکمە و کازم شەمەری و رەحد دهلکی لە هاوپەیمانی وەتەنییە ئەندامانی شاندەکە پێک دەهێنن.
عەبدوڵڵا زەیدی ئەندامی شاندەکە لە رەوتی حیکمە سەبارەت بە چوونیان بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان وتی: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعوود بارزانی و هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، پرۆژەکەمان دەخەینە ڕوو و بۆیانی ڕوون دەکەینەوە کە حکوومەتی داهاتوومان چۆن دەبێت کە دەمانەوێت حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێک بهێنین، هیچ داواکاریی و مەرجێکمان نییە لە کۆبوونەوەکە و ئەمە تەنیا بۆ خستنەڕووی پرۆژەکەمانە بۆ لایەنی کوردی".
سەبارەت بە گرەنتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد لەلایەن هاوپەیمانییەکەیانەوە، عەبدوڵڵا زەیدی گوتی: "لە ڕاستیدا ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە بە داواکارییەوە بێین لەم کاتەدا، کورد هەمیشە لەساڵی 2003 بەدواوە، بەشێکی گرنگی حکوومەتەکان بووە، ئێمە هاتووین باسی شتە گشتییەکان بکەین، گفتوگۆ دەکەین و تێڕوانینەکانمان دەخەینەڕوو، داواکارییەکان دەبێت لەژێر سەقفی دەستوور و رەوا بێت".
عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی چوونی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: تاوەکوو ئێستا وەکوو کورد خۆمان یەکلایی نەکردووەتەوە لەگەڵ کام لایەن دەبین، ئەوەی هەیە ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، دەکرێت تێبینیمان هەبێت، بەڵام ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە و ئەوەی ئامادە بێت داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکات ئێمە لەگەڵی رێکدەکەوین.
شاندەکەی سائیروون، نەسر، حیکمە و وەتەنییە لەگەڵ مەسعوود بارزانی کۆ بوونەوە و لەبارەی پرۆژەکەیان بۆ دروست کردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان کرد.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment