زه‌ریف: ئێران و تورکیا هه‌وڵه‌کانیان بۆ نه‌هێشتنی کێشه‌ ژینگه‌یییه‌کانی ناوچه‌که‌ چڕ ده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا و عێراق له‌ هه‌وڵی کاری پێکه‌وه‌ییدا ده‌بن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی ئاو و ژینگه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، زه‌ریف له‌ وته‌کانیدا ستایشی په‌یوه‌ندییه‌کانی تاران و ئه‌نقه‌ره‌ی کرد و وتی: "تورکیا له‌ ڕیزبه‌ندی یه‌که‌می ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ که‌ ئێران په‌یوه‌ندییێکی باشی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتیشی: کێشه‌ ئابورییه‌کانی تورکیا که‌ ئه‌مه‌ریکا بۆی دروست کردوون که‌شێکی ده‌روونی دژواری له‌ تورکیادا هێناوه‌ته‌ ئاراوه.

عێراق- ئێران- تورکیا؛ سێ کوچکه‌ی سزاکانی ئه‌مه‌ریکا

ڕۆژی 1ی ئاب ئه‌مه‌ریکا سزای ئابووری سه‌پاند به‌ سه‌ر تورکیادا دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره‌ خواستی واشنتۆنیان بۆ ئازادکردنی قه‌شه‌ برۆنسۆن ڕه‌ت کرده‌وه‌ به‌وه‌ش تورکیا بوووه‌ هاوخه‌می ئێرانی دراوسێی که‌ له‌ 8ی مانگی ئایاره‌وه‌ ئیداره‌ی تره‌مپ سزاکانی بۆ سه‌ر تاران نوێ کرده‌وه‌ و پاشه‌کشه‌ی له‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران کرد.

ڕۆژی 6ی ئاب کۆشکی سپی له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌: "سه‌رکۆماری ئه‌مریکا ژماره‌یێک بڕیاری نوێ واژۆ کردووه‌ له‌پێناو رێگری کردن له‌ پێشێل کردنی گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێران که‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ به‌ سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ش سزای ئه‌و که‌سانه‌ ده‌دات که‌ ھاوکاریی ئێران ده‌که‌ن له‌ پێشێل کردنی ئه‌و گه‌مارۆیانه‌".

به‌پێی بڕیارنامه‌که‌ "له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٧ی ئاب سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ھاوکاریی ئێران ده‌که‌ن له‌ ده‌سته‌به‌رکردنی دۆلاری ئه‌مریکی و ساغکردنه‌وه‌ی دراوی ئێرانی و ھه‌روه‌ھا فرۆشتنی مادده‌ گرانبه‌ھاکان و سپۆنسه‌رکردنی دارایی و پشتیوانی ته‌کنه‌لۆژی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ سزا ده‌ده‌رێن".

لای خۆشییه‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی ڕای‌گه‌یاند: عێراق دژی سزا سه‌پێنراوه‌کانی سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مریکاوه‌ به‌ڵام بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات جێبه‌جێیان ده‌کات.

به‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره‌- تاران وه‌ک دوو هاوخه‌می سزا سه‌پێنراوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا به‌ره‌و توندوتۆڵتر چوون و هه‌ردوولا له‌ هه‌وڵی به‌هێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و ستراتێژییه‌کانیاندان.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37622

Your Comment

You are replying to: .
captcha