کوردپرێس:
ماڵپەڕی بغداد الیوم لە زاری سەرچاوەیێکی عێراقییەوە کە ناوەکەی نەدرکێندراوە شەوی یەکشەمە ڕایگەیاند پێکهێنانی کوتلە گەورەکە لەلایەن چوار هاوپەیمانیی سایروون و نەسر و وەتەنییە و حیکمە یەکلا بۆتەوە و لێکتێگەیشتنی باشیش هەیە بۆ ئەوەی دوو حیزبی سەرەکیی کوردستان واتا پارتی و یەکێتی و هەروەهاش سوننەکان بێنە ڕیزی ئەو کوتلە گەورەیەوە.
سەرچاوەکە جەختی کردۆتەوە کە ئەو هاوپەیمانییە لە داهاتوویێکی نزیکدا پێک دێت و بەو حاڵەشەوە سوورن لە سەر تەعامول پێوەندیی جدییان لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح بە سەرکایەتیی هادی عامری بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییێکی گەورەتر.
سەرچاوەکە وتیشی زۆرینەی ئەندامانی کوتلەکە ڤیتۆیان لە سەر عەبادی نییە هەر بۆیەش چانسی زیاترە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران و لێکتێگەیشتنی باش لە کوتلە گەورەکە هەیە بەڵام بە دوور لە چاوی میدیاکانە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرچاوەیێکی سیاسیی ئاگاداری عێراقی وتبووی سوننە ڕازی بوون کە بچنە ڕیزی سایروون و نەسر و وەتەنییە و حیکمە بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەڕلەمان و کوتلە گەورەکەش نزیک بۆتەوە لەو 165 کورسییەکەی کە بۆ مسۆگەرکردنی زۆرینەی پەڕلەمان پێویستی پێیەتی.
Your Comment