کوردپرێس:
سەنتەری بوومەلەرزەزانیی زانکۆی تاران ڕایگەیاند دەمەوبەیانی یەکشەمە 26ی ئاب کاتژمێر 2 و 43 خولەک بە کاتی تاران بوومەلەرزەیێکی بەهێز بە گوڕی 5.9 بەپێی پلەی ڕیختەی لە پارێزگای کرماشانی دا و لە ئیلام و کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستانیش هەستی پێکرا.
چەقی بوومەلەرزەکە لە تازاوای کرماشان و لە قووڵاییی 8 کیلۆمەتریی زەویدا بووە و ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی و تازاوا و گوندەکانی دەوروبەری تا پاوە و نۆدشە و نەوسوو هەستیان بە گوڕی بوومەلەرزەکە کردووە.
بەپێی ڕاگەیێندراوی ئیدارەی پارێزگاریی کرماشان تا ئەم کاتە زیاتر لە 90 بریندار هەن و یەک کەسیش بەهۆی ترسەوە جەڵدە لێی داوە و گیانی لە دەست داوە.
پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند لە نیوەشەوی ڕابردووەوە تیمەکانی فریاکەوتن و خزمەتگوزاریی پزیشکی لە ئامادەباشیدان و نەخۆشخانەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی پڕە لە بریندار.
پاش بوومەلەرزەکە تا ئەم کاتە زیاتر لە 30 پاش لەرزە بە گوڕی 2 بۆ 4 بەپێی پلەی ڕیختەر لە هەمان ناوچە ڕووی داوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی 12ی تشرینی دووهەمی 2017 بەرانبەر بە 21ی گەڵاڕێزانی 1396ی هەتاوی بوومەلەرزەیێکی 7.3 ڕیختەری لە هەمان ناوچەی داوە کە چەقی بوومەلەرزەکە ئەزگڵەی کرماشان بوو و زیاتر لە 1000 هاووڵاتیی کوردی ناوچەکە گیانیان لە دەست دا و کەلاوە و ماڵەڕووخاو زۆری بێ بەجێ ما و تا ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی لێقۆماو لە خێوەتدا دەژین و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە نۆژەن کردنەوەی خانووەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ساڵی ڕابردوو تەواو نەبووە.
Your Comment