کوردپرێس:
ئەو لێدوانەی سەركردەكەی هاوپەیمانێتیی نەسر لەكاتێكدایە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار هەریەكە لە هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی و هاوپەیمانیی سائیرون، بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانیی نەسر بەسەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی هەوڵی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنیان دا.
عەلی سنێد، سەركردە لە هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە، بڕیارە شاندێكی هاوپەیمانی نەسر سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە كوردییەكان كۆببێتەوەو تاوەكو بەشدار ئەو هاوپەیمانێتییە بكەن، كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو رابگەیەندرێت.
بەوتەی سەركردەكەی هاوپەیمانێتیی نەسر پێدەچێت هەریەكە لە لیستەكانی نەسر، سائیرون، حیكمە، وەتەنییە و لایەنە كوردییەكان بەشداری بكەن لە پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆندا بۆ ئەوەی حكومەتی نوێی عێراق پێكبهێندرێت.
12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی یاساش پێویستە دوای 15 رۆژ لە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، بەوپێیەش پێدەچێت 30ی ئەم مانگە یەكەم كۆبوونەوە ئەنجامبدرێت.
Your Comment