بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەمید حسێنى ئەمیندارى گشتیى ژوورى بازرگانى هاوبەشى عێراق و ئێران وتیشی: ئێران دەیەوێت ئاستى هەناردەکردنى خۆى بۆ عێراق ساڵانە بگەیێنێتە ١٥ ملیار دۆلار، ئاماژەى بەوەش کرد لە ٤ مانگى ڕابردوودا ئاستى هەناردەى ئێران بۆ عێراق نزیک بووەتەوە لە ٤ ملیار دۆلار.
حسێنى هیواى خواست لە قۆناغى داهاتوودا هەناردەى ئێران بۆ عێراق زیاد بکات و جەختی کردەوە کە ئەمن و ئاسایش لە ئێران و بەرزبوونەوەى نرخى شتومەک لە عێراق گرنگترین هۆکارى زیاد بوونى هەناردەى ئێرانە بۆ عێراق.
ئەو بەرپرسە ئێرانیە ئەوەشى خستەڕوو، بەهۆى دەست پێکردنى قۆناغى ئاوەدان کردنەوەى عێراق بە بەهاى نزیکەى ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار پرۆژەى ئاوەدان کردنەوە لە عێراق هەیە.
هاوکات پێشبینى ئەوەشی کرد، چالاکیە ئابوورییەکانى ئێران لە ماوەى داهاتوودا و بە تایبەت لە بوارى پیشەسازییە خزمەتگوزارى و هونەرى و ئەندازیارییەکان گەشە بکات لە عێراقدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment