بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ڕەوتی حیكمە لە بەیاننامەیێكدا رایگەیاند عەمار حەكیم، ئەمڕۆ لەگەڵ فواد مەعسووم، لە بەغدا كۆ بووەتەوە و تاوتوێی پرسی پێكهێنانی حكوومەت و پێویستیی ڕاسپاردنی پەرلەمانیان بۆ گرێدانی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە چوارچێوەی وادە دەستورییەكاندا كردووە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، رۆژی یەكشەممەی رابردوو ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری رابردووی عێراقی پەسەند كرد و بەپێی دەست وری عێراقیش دەبێت سەرۆک كۆماری عێراق دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن، داوا لە پەرلەمانی نوێ بكات لەماوەی 15 رۆژدا یەكەم دانیشتنی خۆی گرێبدات.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە تاوەكوو ئێستا سەرۆک كۆماری عێراق بەڕەسمی پەرلەمانی نوێی بۆ كۆبونەوە ڕانەسپاردووە.
بەیاننامەكەی نووسینگەی حەكیم ئاماژەی بەوەش داوە كە عەمار حەكیم لەسەر بژاردە پێشكەش كراوەكان كە پێكدێن لە حكوومەتی زۆرینەی نیشتیمانی یاخود حكوومەتی شەراكەت بۆچوونی خۆی دووپات كردۆتەوە كە دەبێت لە چوارچێوەی فەزایێكی نیشتمانی و لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەدا بێت كە مەرجەعیەت بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری كردوون.
عەمار حەكیم داواشی لە لایەنە سیاسییەكان كردووە لە ئاست بەرپرسیارێتی پێویستییەكانی قۆناغی داهاتوودا بن و خوێندنەوەیان بۆی هەبێت و جەختیشی لەسەر پێویستیی پێكهێنانی حكوومەتێكی ئازا كردۆتەوە كە خاوەن بڕیار و بەتوانا بێت بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان و بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عێراق.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment