عه‌مار حه‌كیم داوای په‌له‌کردن له‌ پێكھێنانی حكوومه‌ت ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات په‌له‌ بكه‌ن له‌ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و به ‌پێویستی ده‌زانێت لایه‌نه‌ براوه‌كان ناوی كاندیده‌كانیان بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران پێشكه‌ش بكه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 22ی ئاب عه‌مار حه‌كیم له‌ میانی وتاری نوێژی جه‌ژن له‌ یه‌کێک له‌ مزگه‌وته‌کانی شاری به‌غدا داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقییه‌كان ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت بن.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: له ‌ئێستادا سێ بژارده‌یان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ پێكھێنانی حكوومه‌ت كه‌ یه‌كه‌میان پێكھێنانی ھاوپه‌یمانیی زۆرینه‌ی نیشتمانییه‌ بۆ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، بژارده‌ی دووه‌میش پێكھێنانی حكوومه‌تێكی ھاوبه‌شه‌ كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شدار بن له‌ پێكھێنانی حكوومه‌ت و بژارده‌ی سێیه‌میش بوون به‌ ئۆپۆزیسیۆن و به‌شداری نه‌كردنه‌ له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا.

عه‌مار حه‌کیم له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا داوای له لایه‌نه‌ براوه‌كان كرد ناوی كاندیده‌كانیان بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران پێشكه‌ش بكه‌ن و سه‌باره‌ت به‌ سزاكانی ئه‌مریكاش بۆ سه‌ر ئێران ڕای‌گه‌یاند: به ‌حوكمی ھاوسنووری و ئه‌و نزیكییه‌ی له ‌نێوان عیراق و ئێراندا ھه‌یه‌ سزاكانی ئه‌مریكا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عێراقیش ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37510

Your Comment

You are replying to: .
captcha