عه‌لی ئه‌کبه‌ر ساڵحی: له‌ بری ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا دانووستان ده‌كه‌ین

به‌شی ئێران/ کوردی- عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی سه‌رۆكی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران ڕای‌گه‌یاند: به‌هۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی نێوان وڵاته‌كه‌ی و وڵاتانی 1+5 له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا دانووستان ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی له‌باره‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌ "پلانی كاری هاوبه‌شی به‌رفراوان" ناو ده‌برێت جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی 1+5 نابێته‌ كۆسپ له ‌به‌رده‌م بونیاتنانی وێستگه‌ی دیكه‌ی وزه‌ له‌ ئێران و له‌ پڕۆژه‌ جیاوازه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ ڕووسیا كار ده‌كه‌ن.

ساڵحی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ تا شه‌ش ساڵی دیكه‌ وێستگه‌ی دووه‌می ئه‌تۆمیی شاری بووشێهر ده‌كه‌وێته‌ كار و له‌ وێستگه‌ی یه‌كه‌م پێشكه‌وتووتر ده‌بێت و دواتر وێستگه‌ی سێیه‌م ده‌خه‌نه‌ به‌رنامه‌ی كاریانه‌وه‌.

عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ به‌ هاوكاریی ڕووسیا توانیویانه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی توخمی نوێدا به‌ره‌وپێشچوون ڕوو بدات و باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ ئێران یه‌كێكه‌ له‌و وڵاته‌ ده‌گمه‌نانه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌.

دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی نێوان ئێران و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مریكا، ڕووسیا، چین، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش له‌ ته‌مووزی 2015 ئه‌و وڵاتانه‌ داوایان له‌ ئێران كرد وێستگه‌ی ئه‌راک له‌ ناو ببات به‌هۆی له‌خۆگرتنی پلۆتۆنیوم كه‌ ئاوی قورس وه‌ک سووته‌مه‌نی له‌ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمیدا به‌كار ده‌هێنێت.

به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ ئێرانیش ڕازی ببوو به‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ نه‌خشه‌ی وێستگه‌كه‌ دابڕێژێته‌وه‌ به‌ جۆرێک كه‌ له‌ ئاستێكدا بێت وێستگه‌كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمیدا به‌كار نه‌هێندرێت و پلۆتۆنیوم به‌رهه‌م نه‌هێنێت. له‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌دا بڕگه‌یێک هه‌یه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئێران نادات تاكوو ساڵی 2031 ئاوی قورسی دیكه‌ به‌رهه‌م بهێنێت.

شایانی باسه‌؛ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ مانگی ئایار كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ڕاگه‌یاند.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37508

Your Comment

You are replying to: .
captcha