بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروان ھاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی رایگەیاند: وەکوو بزووتنەوەی گۆڕان، نە دەرگای گفتوگۆمان بۆ پارتی و یەکێتی کراوە بووە، نە دەرگای گفتوگۆشیان بۆ دەکەینەوە سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عیراق، بڕیاری کۆتایی بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەوەیە بۆ بەھەشتیش لەگەڵ پارتی و یەکێتی ناچین، نەک بۆ بەغدا.
ناوبراو وتیشی: پێمان وایە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران شەرعیەتی نابێت، لەبەرئەوەی ئیرادەی ساختەکاری سەرکەوتوو بوو، بۆیە ئێمە بەھیچ شێوەیێک نە لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەچینە بەغدا، نە دەچینە ناو ھیچ پڕۆژەیێکی ئەو دوو حزبە.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە کاتێکدایە، لە زاری بەرپرسی یەکێک لەچوار لایەنە ناڕازییەکەی ھەرێم بڵاوکرایەوە کە چوار لایەنەکە دەرگای گفتوگۆیان بۆ یەکێتی و پارتی کردۆتەوە، لەوبارەیەشەوە کاروان ھاشم وتی: برادەرێکی یەکگرتووی ئیسلامی بۆخۆی ئەو قسەیەی کردووە، کە گوایە دەرگای گفتوگۆمان بۆ پارتی و یەکێتی کردۆتەوە، بڕیاری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئەوەیە لەگەڵ ئەو دوو حزبە گفتوگۆ و دانیشتن ناکەین سەبارەت بە حکوومەتی داھاتووی عێراق.
ئەندامەکەی گۆڕان وتیشی رای زۆرینە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی بکەین، یاخود ببینە ئۆپۆزسیۆن لە عێراقدا، بەڵام پێویستی بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانییە، بۆیە لەدوای جەژن جڤاتی نیشتمانی کۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدات.
سەرچاوە: SNN
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment