کوردپرێس:
قەحتان جبوری، وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی سائیرون، كە لەلایەن موقتەدا سەدری ڕابەری رەوتی سەدرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە بەیاننامەیێكدا ڕایگەیاندووە، “سائیرون لەكاتێكدا پیرۆزباییی جەژنی قوربانی پیرۆز لە گەلی عێراق دەكات، ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی پێداویستییەكانی قۆناغی داهاتوو لەپاش تێكشاندنی تیرۆر، بۆیە هەنگاو بۆ تێكشكاندنی گەندەڵی دەنێت و كار بۆ دەستپێكردنی شەڕی چاكسازیی هەمەلایەنە لە هەموو جومگەكانی دەوڵەتدا دەكات”.
بەپێی بەیاننامەكە، “هاوپەیمانیی سائیرون لە دوای ڕێكەوتن لەگەڵ ژمارەیێک لە هێزە نیشتمانییە براوەكان لە هەڵبژاردنەكەدا، كاری پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانیی كردووە و لەگەڵ هاوبەشەكانی هەنگاو دەنێت بۆ پێكهینانی حكوومەتێك، كە لەئاست داخوازیی گەلدا بێت و ئایندەی وڵاتێكی سەقامگیر و ئازاد بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، فەراهەم بكات”.
وتەبێژەكەی هاوپەیمانیی سائیرون لە كۆتاییی بەیاننامەكەیدا دەڵێت: “قۆناغی داهاتوو، پێویستی بە هەوڵی هەموانە بۆ خێراتركردنی كاركردن و بنیاتنان لەڕێی وەبەرهێنانی هەموو ئەو وزە و توانایەی لە عیراقدا هەیە لە هەموو بوار و ئاستەكان”.
لە 12ی ئایاری ڕابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عیراق ئەنجام درا و بەپێی ئەنجامی پڕۆسەكەش، كە لەپاش جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان گۆڕانكاریی وەهایان بەسەردا نەهات، هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، بە دەستەبەركردنی 54 كورسی لە پێشەنگی هاوپەیمانییەكانی تردایە و لە پلەی یەكەمدا ناوی هاتووە، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری بە 48 كورسی لە پلەی دوومدایە، هاوپەیمانی نەسریش، كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بە 42 كورسی لە پلەی سێیەمی هەڵبژاردنەكەدایە.
Your Comment