کورد له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م سه‌رکردایه‌تییه‌ی ئێستا ده‌ستکه‌وتی ئه‌وتۆی له‌ به‌غدا نابێت/ په‌رله‌مانی ئاینده‌ی عێراق په‌رله‌مانێکی چالاک ده‌بێت

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌سعوود عه‌بدولخالق سه‌رۆکی ده‌زگای توێژینه‌وه‌یی- میدیاییی StandardKurd گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و ده‌ڵێت: کورد به‌م سه‌رکردایه‌تییه‌ی ئێستاوه‌ ده‌ستکه‌وتی ئه‌وتۆی له‌ به‌غدا نابێت و ئه‌مریکا به‌نیازه‌ عه‌بادی وه‌کوو سه‌رۆک وه‌زیران بمێنێته‌وه‌ و به‌رهه‌م ساڵح پۆستی سه‌رۆک کۆماری وه‌ربگرێت.

کوردپرێس: پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتاییی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و نه‌گۆڕانی ژماره‌ی کورسییه‌کان و په‌سه‌ندکرانی له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵه‌وه‌ جموجۆڵ بۆ پێکهێنانی کوتله‌ گه‌وره‌که‌ی په‌رله‌مان و دیاری کردنی سه‌رۆک وه‌زیرانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق پێی نایه‌ قۆناغی کۆتایییه‌وه‌.

له‌م نێوانه‌دا کورد و به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌کێتی ئیراده‌یان نواندوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستێکی جیدیتردا له‌ به‌غدا ده‌ربکه‌ون و وه‌رزێکی نوێ له‌ سیاسه‌تی کوردی بخولقێنن. دوو حیزبه‌که‌ و به‌ تایبه‌ت پارتی ده‌روازه‌ی گفتوگۆی جیدییان له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان کردۆته‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی پێشتر وه‌کوو دوژمن سه‌یری ده‌کردن.

کوردپرێس به‌نیازی شه‌ن و که‌و کردنی ڕووداوه‌ سیاسییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌روبه‌ندی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق و پێگه‌ و هه‌ڵوێستی کورد و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان گفتوگۆیێکی مه‌سعوود عه‌بدولخالق سه‌رۆکی ده‌زگای توێژینه‌وه‌یی- میدیاییی StandardKurd کردوووه‌ ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: به‌ سه‌رنجدان به‌ ڕووداوه‌کانی ساڵی 2017 وه‌کوو ڕیفراندۆم و که‌رکووک و دیکه‌ی ڕووداوه‌کان پێگه‌ی کورد پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 12ی ئایار چ گۆڕانکارییێکی به‌ سه‌ردا هات؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: به‌ ته‌ئکید دوای ڕیفراندۆم پێگه‌ی کورد زۆر لاواز بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی چ ده‌وروبه‌ر و چ جیهان به‌ سه‌رکردایه‌تیی کوردیان وت که‌ ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ به‌م ده‌موده‌سته‌ گونجاو نییه‌ به‌ڵام سه‌رکردایه‌تیی کورد به‌ گوێ که‌سی نه‌کرد و ئێسته‌یش پێگه‌ی کورد له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش زۆر لاواز بوو و دابه‌شییێکی زۆر خراپی له‌ نێوان کوردستان دروست کرد له‌سه‌ر ئاستی حیزبه‌ سیاسییه‌کان و له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیش دابه‌شییێکی ته‌به‌قی و چینایه‌تیی زۆری بردوووه‌ و ده‌بینین چینێک زۆری بردوووه‌ و چینێکی مه‌زڵوومه‌ و دیاره‌ دابه‌شییه‌که‌ش چاره‌سه‌ر نابێت بۆیه‌ پێگه‌ی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ لاوازبووندایه‌ و هه‌نگاو و مه‌رجه‌کانی وه‌کوو جاران نییه‌. دیاره‌ جاران حکوومه‌تی به‌غدا له‌ هه‌ولێر دروست ده‌بوو به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌واو بوووه‌ نزیکه‌ی 7 جار وه‌فدی کوردی جار جار چه‌ند حیزب و جار جار به‌ ته‌نها ده‌چنه‌ به‌غدا که‌چی پێشوازییێکی گه‌رم و گوڕشیان لێناکرێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌لاله‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێگه‌ی کورد لاوازه‌.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ گفتوگۆکان به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌کێتی کرد که‌ سه‌ردانی به‌غدایان کردوووه‌. پێتان وایه‌ ئه‌م گفتوگۆیانه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام یان خێر؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: پێم وایه‌ به‌ڵێ ده‌گاته‌ ئه‌نجام. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ که‌ عێراق ساڵی 1921 دروست بوووه‌ هه‌ر له‌ ئه‌زموون و قه‌یراندا بوووه‌ واتا سیسته‌می پاشایه‌تی نزیکه‌ی 6 جاره‌ گۆڕاوه‌ و عێراق هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا بوووه‌ بۆیه‌ ده‌بێت به‌ ئاسایی ته‌ماشای ئه‌و قه‌یرانه‌ بکه‌ین. له‌ دوای ته‌سویب بوونی پرسی ته‌زویر که‌ هه‌یه‌ یان نییه‌ و پاش حوکمی مه‌حکه‌مه‌ی ئیتیحادی دروست ده‌بێت. مه‌رجه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش ئه‌وه‌نده‌ به‌قوه‌ت نییه‌ بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئاسانتر له‌ هه‌رێمی کوردستان بێت بۆیه‌ بڕوای من وایه‌ حکوومه‌تی به‌غدا دروست ده‌بێت.

کوردپرێس: به‌رپرسانی پارتی و یه‌کێتی به‌ تایبه‌ت ئه‌و وه‌فدانه‌ی دانووستانکار له‌ به‌غدا ده‌ڵێین به‌شداریی ئه‌مجاره‌ی کورد له‌ حکوومه‌تی به‌غدا به‌ شێوازێکی دیکه‌ ده‌بێت و داواکارییه‌کانی ئێمه‌ مسۆگه‌ر ده‌بێت. ڕای ئێوه‌ له‌وباره‌وه‌ چییه‌؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: خواسته‌کانی ئه‌و حیزبانه‌ له‌ خواستی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ داده‌به‌زێت بۆ خواستی حیزبی و کورد هیچ کارتێکی به‌قوه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌. ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێک پۆست وه‌رده‌گرن و ڕێژه‌یێک له‌ داهاتی عێراقی بۆ کوردستان ده‌نێردرێت و به‌ ڕه‌ئیی من له‌وه‌ زیاتر هیچیان بۆ ناکرێت چوونکه‌ جاران پێگه‌یان به‌قوه‌تتر بوو و عێراق لاوازتر بوو و پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌چی هیچیان پێ نه‌کرا ئه‌مجاره‌ به‌م لاوازییه‌ هیچ ناکرێت.

کوردپرێس: بارودۆخه‌که‌ له‌ ئاستی عێراق به‌ شێوه‌یێکه‌ که‌ هه‌مان په‌رته‌وازه‌یی له‌ لایه‌نی عێراقی و به‌ تایبه‌ت لایه‌نی شیعی هه‌یه‌ که‌ پێکهێنه‌ری سه‌ره‌کیی حکوومه‌تن. چاودێران ئه‌مه‌ به‌ ده‌رفه‌تێک ده‌زانن که‌ کورد بتوانێت بیقۆزێته‌وه‌ بۆ خۆی. ڕای ئێوه‌ چییه‌؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: ڕاسته‌ ئه‌وه‌ ده‌رفه‌ته‌ به‌ڵام ئه‌وان ده‌وڵه‌تن و ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت نیین. سه‌رکردایه‌تیی کوردیش نازانێت ده‌رفه‌ت بقۆزێته‌وه‌. پێشتر چه‌ندین ده‌رفه‌تی زێڕین هه‌بوووه‌ بۆیه‌ من ئومێدم به‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ نییه‌ بتوانێت ده‌رفه‌ت بقۆزێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری هه‌بوایه‌ و موعاره‌زه‌ سه‌رکه‌وتوو بوایه‌ و سه‌رکردایه‌تییێکی نوێ له‌ کوردستان دروست بوایه‌ ئه‌وا ئومێدێک هه‌بوو به‌ڵام ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ 27 ساڵه‌ حوکمی کوردستان ده‌کات هیچ ئومێدێکم پێ نییه‌ که‌ بتوانێت ده‌ستکه‌وت بۆ هه‌رێمی کوردستان دروست بکات.

کوردپرێس: باس له‌ پڕۆژه‌یێکی نیشتیمانی ده‌کرێت بۆ به‌شداری له‌ حکوومه‌تی به‌غدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چۆن ده‌بینن؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: جاران حکوومه‌تی عێراق بۆ خۆی ده‌هات و له‌ هه‌ولێر ڕێکده‌که‌وت واتا حکوومه‌تی به‌غدا له‌سه‌ر ده‌ستی کورد دروست ده‌بوو. ئێستاش ئه‌و پڕۆژه‌ نیشتیمانییه‌ی که‌ باسی ده‌که‌ن دوور له‌ تایفی و دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات بێت ئه‌وه‌ هه‌ر قسه‌یه‌ و پڕۆژه‌ی وا له‌ عێراقدا نییه‌ و پێداگریی زۆری له‌سه‌ر ناکه‌ن و بۆ هه‌ندێک مه‌رامی شه‌خسییه‌ که‌ له‌ کوردستان دێته‌دی. له‌ کۆتاییدا ئه‌و پڕۆژانه‌ پڕۆژه‌ی کورد نییه‌ و پێ جێبه‌جێ ناکرێت. ڕه‌نگه‌ له‌ کۆتاییدا پڕۆژه‌ پڕۆژه‌ی جامێعه‌ی عه‌ره‌بی بێت که‌ عێراق بگێڕنه‌وه‌ ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ لایه‌نی ناڕازی له‌ هه‌رێمی کوردستان کرد. هه‌ڵسوکه‌وت و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتایی گرتیانه‌به‌ر چۆن ده‌بینن؟ پێشبینی ده‌که‌ن ببنه‌ به‌ره‌یێکی یه‌کگرتوو چ له‌ هه‌رێمی کوردستان و چ له‌ به‌غدا؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: که‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ دروست بوو من پێم وایه‌ ته‌نانه‌ت تورکیاش نه‌یده‌توانی به‌و شێوازه‌ی ئێستا بێته‌ ناو کوردستان. له‌ لایێکی دیکه‌وه‌ مه‌نته‌قه‌کانی ماده‌ی 140یش جۆرێکی دیکه‌ ده‌بوو به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان زۆر په‌رته‌وازه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌و ئومێده‌ی لێ ناکه‌وێت که‌ یه‌ک بگرن. ئێسته‌ ده‌بینیت پارتی و یه‌کێتی ئه‌و هه‌موو ئیختیلافه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام نزیکه‌ی 10 کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شیان به‌ڕێوه‌ بردوووه‌ و چه‌ندین شاندی هاوبه‌شیان سه‌ردانی به‌غدای کردوووه‌ ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ تا ئه‌م کاته‌ لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن نه‌یانتوانیوه‌ دانیشتنێکی هاوبه‌شی کارایان هه‌بێت.

کوردپرێس: ئه‌و په‌رته‌وازییه‌ی باسی ده‌که‌ن بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدا ئامانجی هاوبه‌شیان هه‌یه‌.

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: ئه‌وه‌ خه‌سارێکی گشتیی کورده‌. چاوه‌ڕوان ده‌کرا لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن ڕوانگه‌یێکی ڕوونیان له‌باره‌ی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بوایه‌ به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه‌ عه‌قڵه‌ به‌قوه‌ته‌کانیان کۆچی دوایی کردوووه‌ و ئه‌وانه‌ی ئێستا هه‌ن به‌و شێوازه‌ کاره‌که‌یان پێ ناکرێت واتا توانای چاره‌ کردنی کێشه‌ گه‌وره‌کانیان نییه‌.

کوردپرێس: هاوپێوه‌ند به‌ به‌شداریی کورد له‌ حکوومه‌تی نوێی عێراق پێتان وایه‌ پارتی و یه‌کێتی گوشاری ده‌ره‌کییان له‌سه‌ر بێت بۆ به‌شداری له‌ حکوومه‌تی نوێ به‌ تایبه‌ت پشتگیری له‌ به‌ربژێرێکی تایبه‌ت بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران.

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: به‌ ته‌ئکید. ئه‌مریکا ئێستا له‌ کوردستان زیاتر ئیعتیراف به‌ سێ که‌س ده‌کات و ده‌سه‌ڵات تا ڕاده‌یێک ئیعتیراف به‌ دوکتۆر به‌رهه‌م ده‌کات. من بیستوومه‌ که‌ ده‌یه‌وێت سه‌رۆک وه‌زیران عه‌بادی بێت به‌ڵام پێی باشه‌ سه‌رۆک کۆمار دوکتۆر به‌رهه‌م بێت که‌چی پارتی و یه‌کێتییش ده‌ڵێن ئه‌و پۆسته‌ هی ئێمه‌یه‌ و ده‌بێت دوکتۆر به‌رهه‌م له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌دا بێت. وایش ده‌رده‌که‌وێت دوکتۆر به‌رهه‌م نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو ئه‌و حیزبه‌ و کۆمه‌ڵێک براده‌ری په‌یدا کرد و به‌ ناوی هاوپه‌یمانی که‌ حیزب نییه‌ به‌ڵام وه‌کوو کیانێکی هه‌ڵبژاردن هێزێکی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی موعاره‌زه‌ پێکهێنا.

کوردپرێس: تا چه‌ند ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه‌ که‌ دوکتۆر به‌رهه‌م ببێته‌ سه‌رۆک کۆمار؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: ئه‌گه‌رێکی زۆر به‌هێز نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نی موعاره‌زه‌ کورسییه‌کانیان که‌مه‌ و لایه‌نه‌کانی به‌غدا پێویستیان به‌ کورسییه‌ که‌ زۆرینه‌ی لای پارتییه‌ و پاشان یه‌کێتی. قه‌یرانه‌که‌ لێره‌دایه‌ ئه‌مریکا و هه‌ندێک له‌ عێراقیش تا ڕاده‌یێک پێ باشه‌ که‌سێکی پڕۆفشناڵی وه‌کوو دوکتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆک کۆمار بێت به‌ڵام لایه‌نه‌ حیزبه‌کانی‌تری کوردستانی به‌ تایبه‌ت هه‌ر دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات ڕه‌نگه‌ ئاماده‌ نه‌بن بۆ ئه‌و بابه‌ته‌.

کوردپرێس: ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ لایه‌نی ئه‌مریکی لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان و به‌ تایبه‌ت شیعییه‌کان بۆ شتێکی وا ڕازی بکات؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: به‌ ته‌ئیکید هه‌مووی باس کراوه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌مریکا و پێم وابێت ئێرانیش پێشنیاری ئه‌وه‌شیان کردوووه‌ که‌ دوکتۆر به‌رهه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌کێتی به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لای منه‌ دوکتۆر به‌رهه‌م ناگه‌ڕێته‌وه‌ ناو هیچ حزبێکی‌تر. هاوپه‌یمانیی دروست کردوووه‌ و له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دیکه‌ هه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ ده‌گرن.

کوردپرێس: باس له‌وه‌ ده‌کرێت سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا و دیداری له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌سه‌ر داواکاریی مه‌کگۆرک و لایه‌نی ئه‌مریکی بوووه‌ و پشتگیرییێک بوو بۆ دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی حه‌یده‌ر عه‌بادی. بۆچوونی جه‌نابتان چییه‌؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: پێم وایه‌ تا ڕاده‌یێکی زۆر ڕاسته‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک خاڵی دیکه‌ش هه‌بێت واتا له‌سه‌ر داوای ئه‌مریکا و تا ڕاده‌یێک ئێرانیش بووبێت. هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی شه‌خسیش هه‌یه‌. هه‌ندێک دادگایی و پرسی نه‌وت که‌ له‌ مانگی داهاتوو ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ش وه‌کوو سه‌ودا یان پێشه‌کی مه‌رجی هه‌رێمی کوردستان بێت.

کوردپرێس: پێشبینیتان بۆ حکوومه‌تی داهاتوو چییه‌؟ به‌ ڕای جه‌نابتان له‌لایه‌ن کامه‌ لایه‌نه‌وه‌ حکوومه‌ت پێکده‌هێنرێت؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: به‌ ڕای من حکوومه‌ت وه‌کوو جاران نابێت که‌ ته‌نها له‌ ده‌ست حیزبی ده‌عوه‌ بێت. حیزبی ده‌عوه‌ لایه‌نێکی لاوازه‌ به‌ڵام پێده‌چێت سه‌رۆک وه‌زیران هه‌ر له‌وان بێت به‌ڵام وجوودی ڕه‌وتی سه‌در و لایه‌نه‌کانی‌تر له‌ ناو حکوومه‌ت به‌هێز ده‌بێت واتا حکوومه‌تێکی نائارام و نائیستیقرار دروست ده‌بێت به‌ڵام پێده‌چێت په‌رله‌مانه‌که‌ په‌رله‌مانێکی زۆر چالاک بێت.

کوردپرێس: به‌ سه‌رنجدان به‌ به‌شداریی ڕه‌وتی سه‌در له‌م خۆپیشاندانانه‌ی باشوور و ناوه‌ندی عێراق به‌شداریی ئه‌و ڕه‌وته‌ له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی عێراق چۆن ده‌بینن؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: ڕه‌وتی سه‌در ده‌نگی زۆری هێناوه‌ و جێگای ڕێزه‌ به‌ڵام ڕه‌وتی عه‌قڵانی ئه‌وه‌یه‌ له‌ جامێعه‌ی عه‌ره‌بی و ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ دوور بکه‌وێته‌وه‌ واتا ڕوانگه‌ی کورد ئه‌مه‌یه‌ که‌ هه‌ر ڕه‌وتێک له‌ عێراق له‌ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی نزیک بێته‌وه‌ بۆ کورد باش نییه‌. ڕه‌وتی سه‌دریش له‌ ناو شیعه‌کان تا ڕاده‌یێکی زۆر عیلاقه‌ی له‌گه‌ڵ "عه‌ره‌بی" زیاتره‌ واتا لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌که‌ی به‌هێزتره‌ و تۆزێک ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی عه‌ره‌بیی پێوه‌ دیاره‌ و ئه‌وه‌ش وه‌کوو مه‌قبووڵ جێگای قبووڵ نییه‌. له‌ کوردستان زۆر باسی بنه‌ماڵه‌ی حه‌کیم ده‌کرێت و ده‌ڵێن ئه‌وان بۆ کورد له‌ هه‌موویان باشترن به‌ڵام دیاره‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ کورد و به‌ سوننه‌ و به‌ شیعه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بکرێت و ته‌با و ئیتیفاق بن له‌ نێو عێراق.

کوردپرێس: یه‌ک له‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی کێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ناوچه‌ی جێناکۆک و ماده‌ی 140ه‌ و لایه‌نی کوردی به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌کێتی وه‌کوو مه‌رجیان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانیان باس کردوووه‌. پێشبینیتان بۆ داهاتووی ئه‌و ناوچانه‌ چییه‌؟ ئایا کورد ده‌توانێت وه‌کوو لایه‌نی سیاسی و سه‌ربازی بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌؟

مه‌سعوود عه‌بدولخالق: من پێم وایه‌ داوای ئه‌و شته‌ ده‌که‌ن به‌ڵام زۆر سوور نین و داواکارییه‌که‌ مه‌قسه‌دی شه‌خسییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیشتیمانییه‌ که‌متر له‌سه‌ری ده‌چن و من پێم وانییه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ی ئێستا شتێکی ئه‌وتۆ بکرێت به‌ڵام مه‌جال هه‌یه‌ که‌ هێزێکی هاوبه‌ش له‌و ناوچانه‌ دروست بکرێت به‌ڵام ئه‌م سه‌رکردایه‌تییه‌ی ئێستاوه‌ من پێم وانییه‌ مه‌گه‌ر زه‌ختی داعش ئیجباری هه‌ردوولا و به‌ تایبه‌ت لایه‌نی عێراقی بکات که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌و ناوچه‌یه‌ به‌شدار بکات.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37463

Your Comment

You are replying to: .
captcha