کوردپرێس:
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ یەکەم جار گفتوگۆی لەگەڵ میدیایێکی بیانی کردووە و لەبارەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران بە کەناڵی ئەمریکیی "سی ئێن ئێن"ی وتووە ئەمریکا ئالوودەیە بە نەخۆشیی سەپاندنی گەمارۆی ئابووری.
هەواڵنێری "سی ئێن ئێن" پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد کە ئەگەر دەزانن ئەمریکا ئالوودەیە بە سەپاندنی گەمارۆکان بۆچی بەردەوام بوون لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی؟
زەریف لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "سی ئێن ئێن"دا وتوویەتی: "من وا تێگەشتبووم کە ئەمریکا لەوە حاڵی بووە کە گەمارۆکانی دژ بە ئێران ڕەنگە کێشەی ئابووری دروست بکات بەڵام قەت نایانگەیێنێتە ئەو ئامانجە سیاسییەی ئەوان پەیڕەوی دەکەنث کە چی بەداخەوە من بە هەڵەدا چووم."
ئەو لێدوانەی زەریف لە کاتێکدایە لەباری ناوخۆییشەوە ڕەخنەی زۆر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەگیرا و لایەنی بەرانبەری دەوڵەت بەردەوام تێبینیی توندیان بەرانبەر بەو ڕێککەوتنە هەبوو.
گفتوگۆکەی زەریف لەگەڵ کەناڵە ئەمریکییەکە هاوکاتە لەگەڵ 28ی گەلاوێژ کە ساڵەهاتی کوودتاکەی دژ بە موسەدیق بوو لە ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر لە تویتێکدا کاردانەوەی بەرانبەر بە پێکهاتنی لیژنەیێکی کار دژ بە ئێران لە دەوڵەتی ترەمپ پیشان دابوو و نووسیبووی: "ئێستا ئەو لیژنە دژەئێرانییە خولیای ئەوەی لە مێشکدایە کە وەکوو کوودەتاکەی 28ی گەلاوێژ تەداخول لە نێوخۆی ڕەوشی سیاسیی ئێران بکات بەڵام با پێتان بڵێم: پێتان ناکرێت".
شیاوی ئاماژەیە مانگی ئایاری ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە و هەموو ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی سەپاندەوە کە بەبۆنەی ڕێککەوتنەکەوە هەڵپەسێردرابوون. کاردانەوەکان پاش ئەو هەڵمەتەی ترەمپ ڕەنگاوڕەنگ بوون بەڵام پێنج وڵاتی دیکەی واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕایانگەیاندووە کە پابەند دەبن بە دەقی "بەرجام" و تا ئەم کاتەش ڕێککەوتنی ئێران و 4 کۆ یەک بەردەوامە.
Your Comment