نەوەی نوێ دەچێتە ئەو هاوپەیمانییەی موقتەدا سەدر پێكی دەهێنێت

بەشی عێراق و هەرێم کوردستان- جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەشدار دەبێت لە دروست كردنی كوتلەی پەرلەمانی عێراق، كە لەلایەن موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای فەرمیی نەوەی نوێ‌ بڵاوی كردەوە كە بە بەشداری كردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ یەکشەممە چەند كوتلەیێكی كورد و شیعی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست دەكەن.

میدیاكە بڵاویشی كردەوە، كە كوتلەكە پێكدێت لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ بەسەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، هاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لیستی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەممار حەكیم و هاوپەیمانی وەتەنیە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی.

پێشتر عەبدوڵڵا زەیدی سەركردە لە ڕەوتی حیكمە ڕایگەیاندبوو، ئەمڕۆ بەغدا كۆبوونەوەیێكی زۆر گرنگ بەخۆوە دەبینێت بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی.

زەیدی ئاماژەی بەوەش كرد، لەناو ئەو لیستانەدا، كە بەشداری پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی دەكەن لیستی نەوەی نوێ هەیە و كۆی كورسیەكانیشیان دەگاتە ١٣٤ كورسی پەڕلەمانی.

ئەمە لە كاتێكدایە، كە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 37447

Your Comment

You are replying to: .
captcha