کوردپرێس:
ڕەنگە هەندێک لە بەڕێوەبەر و مودیرعامەکان ناحەقیان نەبێت چوونکە بە کورسیی حکوومی و بە داهاتی مەشرووع و نامەشرووعی خۆیانەوە ناتوانن هەست بە چەڵەمەی ژیانی هاووڵاتییان بکەن. هەندێکیشیان وا لە کەشی تەسەنوعیی پلە و پۆستدا خنکاون ئاگایان لە ڕۆحی هەژاری و کێشەی کۆمەڵگا نییە هەر بۆیەش دۆخی ژیانی ئەو خەڵکە بە پێوانەی ژیانی خۆیان دەپێون. هەندێکیشیان خوێندنەوەیان لە مودیرعامی و پلە و پۆست تا ئەو بەر کورسییەکەیان بڕ ناکات. ناحەقیشیان نییە لەبەر ئەوەی سیستەمی دەسەڵاتەکەیان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی سیاسی دامەزراوە و قازانج و بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی تێدا جێگا نابێتەوە.
ئەگەر سەرنجی ڕەفتاری زۆرینەی خاوەن پلە و مودیرعامەکان بدەین هیچ نیشانەیێک لە هاوخەمی و تێگەیشتن لە خەم و چەڵەمەی ژیانی هاووڵاتییانیان پێوە دیار نییە. زۆرینەیان لە بەرانبەر گرفتەکانی کۆمەڵگا بێ هەڵوێست دەڕوانن و گوێیان لە بیستنی دەنگی گەل کپە. بەڕێوەبەر و مودیرعامی فانتزیایی خوێندنەوەیێکی دروستی لە دۆخەکەی وڵات نییە.
لەم دۆخە چەقبەستووە ئابوورییەدا مودیرعامەکانی ناوچە سنوورییەکان دەتوانن دەرفەتەکە بقۆزنەوە و یارمەتیی کەرتی ئابووریی وڵات بدەن بۆ ئەوەی دەرەچەیێک بکەنەوە بەرەو دەربازبوون لە قەیران. بەتایبەت سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراق دراوسێیە و دەرفەتێکی گونجاوە بۆ دابینکردنی هەندێک لە پێداویستییەکانی نێوخۆی ئێران. دابەزینی نرخی دراوی ئێرانی لە نرخی کاڵاکاندا شوێندانەریی ڕاستەوخۆی دەبێت و کاڵای هەرزانی پێ هەناردە دەکرێت بۆ وڵاتانی دراوسێ. ئەگەر خوێندنەوەیێکی زیرەکانەی بۆ بکرێت تێدەگەین کە عێراق لە نێوان دیکەی دراوسێکاندا باشترین وێستگەی ئابووریی ئێرانە. ئەگەرچی ژمارەیێک لە مودیرعامەکانی ئەو ناوچانەش قسەگەلێکیان کردووە بەڵام تا ئەم کاتە بە کرداری لەو بارەیەوە هیچ نەکراوە. بۆ نموونە ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران لە سەردانەکەی ئەم دواییەی خۆی بۆ کرماشان ئاماژەیێکی کورتی بە قۆستنەوەی ئەم هەلە کردبوو بەڵام لە ڕووی کردارییەوە هیچ مودیرعامێکی ئەم ناوچانە دڵ و دەروون ئەوەیان نییە ڕیسک بکەن.
هەڵبەت ئەگەر بەرژەوەندی و قازانجی شەخسیی تێدا بێت هەمووان سەر و دەستی بۆ دەشکێنن بەڵام زۆر بەداخەوە هیچ کام لە مودیرعامەکان و خاون پلە حکوومییەکانی سەر سنوور نە خوێندنەوەیێکی دروستیان لەو دیوی مەرز هەیە و نە ئیرادەش دەنوێنن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئایدیایە.
ئەگەرچی قەبارە جۆربەجۆرەکانی دەوڵەتی عێراق لە بەرانبەر گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران خۆیان بە پاڵپشتی گەلی ئێران دەزانن بەڵام کاربەدەستانی حکوومیی ناوچە سنوورییەکان بەتەمان دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە تارانەوە "شق القمر" بکات.
بەڕێوەبەر و مودیرعامەکانی سەرسنوور لە چاویلکەی خۆیانەوە دەڕواننە ئەو خەڵکە ئەگینا ئەگەر بە تۆسقاڵ هەستیان بە ژانی ئەو گەلە کردبا بێگومان کاری باشتریان دەکرد. ژیانی سنوورنشینی دەرفەتێکی هەرەباشە بۆ دابین کردنی هەندێک لە پێداویستییەکانی نێو خۆی وڵات لەباری پیشەیی و بازرگانی و ئەو بەشە لە کاڵاکان کە لە نێو خۆی ئێران بەرهەم نایەت و هەلخوازانیش هەموو ڕۆژێک بەبیانووی گەمارۆی ئابوورییەوە نرخەکان زیاد دەکەن. دەستپێشخەریی کاربەدەستانی سەرسنوور لێرەدا دەتوانێت شوێنەواری لە چارەکردنی دۆخەکەدا هەبێت. بەڕێوەبەر و مودیرعامی زیرەک ئەوەیە لە کاتی قەیراندا بتوانێت ئەرکەکەی خۆی بە باشی ڕاپەڕێنێت. ئێستا دوژمن دەستی داوەتە شەڕێکی ئابووری و تەنها سەربازانی ئابووری دەتوانن ئەو شەڕە بکەن و بەرپەرچی دوژمن بدەنەوە. شەڕی ئابووری مەرز ناناسێت. لەم شەڕە تەواو عەیارە ئابوورییەدا مەرز مانای نامێنێت. هەندێک جار تاسەی تۆسقاڵێک غیرەتی نیشتمانی دەکەین.
Your Comment