ئه‌شواق جاف: سه‌ركردایه‌تیی كورد ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ كه‌سێک نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ پێشتر سه‌ركردایه‌تیی كوردی ئه‌وه‌ی بۆ عێراق خسته ‌ڕوو كه‌ ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ كه‌سێک نییه‌ به‌ نووری مالیكیشه‌وه‌ و ده‌شڵێت: "بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی داهاتوو باس له‌ محه‌مه‌د شیاع سۆدانی و تارق نه‌جم و فالح فه‌یاز ده‌كرێت."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ پشكی پارتی ڕای‌گه‌یاند: له‌ دوای ته‌واو بوونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار سه‌ركردایه‌تیی كوردی ئه‌وه‌ی بۆ گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق خسته‌ڕوو، بۆ حكوومه‌تی داهاتوو و هاوپه‌یمانێتی، كورد ڤیدیۆی له‌سه‌ر هیچ كه‌سێک نییه‌ به‌ نووری مالیكیشه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: "كورد تا ئێستا هیچ هاوپه‌یمانێتییێكی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێک نه‌كردوووه‌، له‌ قۆناغی لێكتێگه‌یشتنه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، یه‌كه‌م شت ده‌یه‌وێت ناو ماڵی خۆی ڕێكبخات، دواتر كام لایه‌نی عێراق به ‌شێوه‌یێكی یاسایی و كار به‌ ده‌ستوور بكات ئه‌وه‌ نزیكتره‌ له‌ كورد بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق."

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: تا ئێستا هیچ كام له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان كه‌ بانگه‌وازی پێكهێنانی دروست كردنی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن پێكنه‌هاتوون، هه‌ر له‌ دانووستان و گفتوگۆدان، هه‌روه‌ها بڕیاری كۆتایی لای لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان نییه‌، به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌به‌رچاو ده‌گیرێت كه‌ له‌ عێراقدا به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه‌.

ئه‌شواق جاف ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: له‌ ئێستادا بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو و سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق سێ ناو باس ده‌كرێت كه‌ ئه‌وانیش (محه‌مه‌د شیاع سۆدانی و تارق نه‌جم و فالح فه‌یاز) كه‌ پێم وایه‌ كه‌سایه‌تیی یه‌كه‌م به‌تایبه‌تی و دووه‌م چانسی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌یان هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37432

Your Comment

You are replying to: .
captcha