كۆمیسیۆن: ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له ‌واده‌ی‌ خۆیدا ئه‌سته‌مه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناتوانرێت هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق له‌ مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ داهاتوو ئه‌نجام بدات و ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ لانی‌‌كه‌م پێویستیان به‌ ماوه‌ی‌ (6) مانگ هه‌یه‌ بۆ ته‌واو كردنی‌ ڕێكار و ئاماده‌كارییه‌كان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕیاز به‌دران سه‌رۆكی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆمسیۆنی‌ باڵا رایگه‌یاند: هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان كه‌ بڕیاره‌ له‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه ‌بچێت پێویستی‌ به‌ چه‌ندین ڕێوشوێن و ئاماده‌كاری‌ هه‌یه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی‌.

ناوبراو وتیشی‌: ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ (3) مانگه‌‌ كۆمیسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌كی‌ كه‌وتوووه‌ و ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا كارێكی‌ ئه‌سته‌مه‌.

ڕیاز به‌دران ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌: ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمیسیاران لانی‌كه‌م پێویستی‌ به‌ ماوه‌ی‌ (6) مانگ هه‌یه‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر كاره‌كانی‌ و گرتنه‌به‌ری‌ ڕێوشوێنی‌ پێویست و ئاماده‌كاریی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: دیاری كردنی‌ واده‌یێكی‌ نوێ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له ‌نێوان كۆمیسیۆن و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا گفتوگۆی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت له‌ خولی‌ نوێی‌ په‌رله‌مان.

سه‌رچاوه‌: سبه‌ی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37430

Your Comment

You are replying to: .
captcha