ئه‌گه‌ری بێ‌هێزی ئیتیفاقی نیشتمانی له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستووی هه‌رێمی کوردستان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- که‌ماڵ ڕه‌ئووف ڕۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ دیمانه‌یێکی کوردپرێسدا ئاماژه‌ی به‌ دوو هۆکاری نه‌رمی نواندنی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کانی هه‌رێم له‌ به‌رانبه‌ر پارتی و یه‌کێتی کردوووه‌ و ده‌ڵێت: ڕێککه‌وتنی نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ و گه‌یشتن به‌ ئیتیفاقی نیشتیمانی زه‌حمه‌ته‌.

کوردپرێس: ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانکاری له‌ ژماره‌ی کورسیی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌ هه‌ر سێ پارێزگای هه‌رێم بکات ڕاگه‌یێندرا و حیزبه‌ باڵاده‌سته‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ تۆمه‌تی ساخته‌کارییان خرابوویه‌ پاڵ سه‌رکه‌وتنه‌که‌یان مسۆگه‌ر بوو.

به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌کان هه‌ڵوێستی چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌که‌ی هه‌رێم واتا گۆڕان و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی له‌ به‌یاننامه‌ی کۆتاییی دانیشتنی هاوبه‌شیاندا نه‌رمی تێیدا بوو و له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا پێشوازی له‌ دیالۆگی نیشتیمانی کرابوو.

که‌ماڵ ڕه‌ئووف سه‌رنووسه‌ر و سه‌رپه‌ره‌شتیاری شارپرێس له‌باره‌ی ڕاگه‌یێندراو و هه‌ڵوێستی نوێی چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان و گفتوگۆی پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت به‌ کوردپرێسی وت: خوێندنه‌وه‌ی چوار لایه‌نه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ دۆخی ناوچه‌که‌ ڕوو له‌ خراپی ده‌کات و ئاڵۆزییێکی گه‌وره‌ هه‌م له‌ عێراق و هه‌م له‌ ناوچه‌که‌ش دروست بوووه‌. ئه‌وان پێیان وایه‌ پێویسته‌ کورد له‌م قۆناغه‌دا پێکه‌وه‌ بن و نه‌رمی نیشاندانه‌که‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆکار بوووه‌ یه‌که‌م ئه‌وه‌ی کورد بتوانێت گوتارێکی هاوبه‌شی هه‌بێت و دووهه‌م ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی کوردستان بێ ساخته‌کاری به‌ڕێوه‌ به‌رن و به‌ جۆرێک زه‌مانه‌تیان ده‌ست بکه‌وێت له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی که‌ هه‌یه‌.

دوو لایه‌نی سه‌ره‌کی واتا پارتی و یه‌کێتی باسیان له‌ پڕۆژه‌یێکی نیشتمانی کرد و له‌ ڕاگه‌یێندراوی چوار لایه‌نه‌که‌شدا باسی دیالۆگی نیشتمانی کرابوو. که‌ماڵ ڕه‌ئووف له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: پارتی و یه‌کێتی ئیستیجابه‌یان بۆ به‌یاننامه‌ی چوار لایه‌نه‌که‌ هه‌یه‌ به‌ڵام چاودێران و ڕۆژنامه‌نووسان قه‌ناعه‌تیان وایه‌ دۆخی هه‌رێمی کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌کان به‌ جۆرێک تووشی چه‌قبه‌ستن بوووه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌رمیشیان نیشان دابێت و پارتی و یه‌کێتییش ئیستیجابه‌یان نواندبێت هێشتا ناگه‌نه‌ ئه‌و مه‌رامه‌ی که‌ بتوانن ئیتیفاقێکی نیشتیمانی بکه‌ن چوونکه‌ ڕێککه‌وتنی نیشتیمانی به‌ مانای ڕازی کردنی شه‌قام و خه‌ڵکه‌ نه‌ک ڕازی کردنی هێزه‌ سیاسییه‌کان بۆیه‌ من پێم وانییه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ دۆخێکدا بن که‌ بتوانن شه‌قام له‌ خۆیان ڕازی بکه‌ن.

ناوبراو له‌ باره‌ی پێکهێنانی وه‌فدی هاوبه‌شی کوردستانی زیادی کرد: له‌م دۆخه‌دا پارتی و یه‌کێتی نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان به‌ڵکوو له‌ نێو خۆشیاندا تووشی ناته‌بایی بوون.

سه‌رۆکی ده‌زگای میدیاییی شارپرێس سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانیش که‌ بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلوول به‌ڕێوه‌ بچێت به‌ کوردپرێسی وت: ئه‌گه‌رچی بڕیار دراوه‌ به‌ڵام هێشتاکه‌ دوایین بڕیار نه‌دراوه‌ و زۆرینه‌ی لایه‌نه‌کان حه‌زیان له‌وه‌یه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌کرێت و دوا بخرێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چوار لایه‌نه‌که‌ داوا بکه‌ن یان هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆت کردنی بکه‌ن ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37429

Your Comment

You are replying to: .
captcha