یەکێک لە مامۆستا دەستگیر کراوەکانی بادینان ئازاد کرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای زیاتر له‌ ساڵێک و پێنج مانگ مانه‌وه‌ی له‌زیندان، مامۆستا به‌ده‌ل به‌رواری یەکێک لە مامۆستا دەستگیر کراوەکانی بادینان ئازادکرا و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شاری دهۆک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاسۆ هاشم، پارێزەری خۆبەخش لە دۆسیەی مامۆستا بەدەل بەرواری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر مامۆستا بەدەل بەرواری ئازادکرا و گەڕایەوە هەولێر"".

مامۆستا بەدەل بەرواری، کە لە مایسی 2020 لە شاری دهۆک دەستگیرکرا، دۆسیەکەی گواسترایەوە شاری هەولێر، رۆژی سێشەممە 19-10-2021 لە دادگای کەتنی دووی هەولێر ، دادگایی کرا و بە یەک ساڵ بەندکردن سزادرا. دوای سزادانیان وا بڵاوکرایەوە، کە بەدەل بەرواری دوای 36 رۆژی دیکە ئازاد دەکرێت.

پارێزەرەکەی مامۆستا بەدەل بەرواری گوتی: "ماوەی راگرتنی سزادراو بە سزا بۆی هەژمار دەکرێت، بەڵام هەڵەیەک لە نووسراوی بەندیخانەدا هەبوو، کە بۆ دادگا نێردرابوو، لە نووسراوەکەدا نووسرابوو مامۆستا بەدەل لە 25-11-2020 دەستگیرکراوە. لە کاتێکدا ئەو لە مانگی پێنجی 2020 دەستگیرکراوە، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ نووسراومان کرد و داوای راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەمان کرد، دوای راستکردنەوەی هەڵەکە، مامۆستا بەدەل ئازادکرا".

هەروەها حەمدی بەرواری، برای مامۆستا بەدەل بەرواری هەواڵی ئازادکردنی براکەی پشتڕاستکردەوە و بە رووداوی راگەیاند: "بەڵێ براکەم ئازادکراوە".

رۆژی 15ی ئایاری 2020 واتە رۆژێک پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەروارى، کە یەکێک بوو لە رێکخەرانى سەرەکیى گردبوونەوەکە، لەلایەن پۆلیسى دهۆکەوە دەستگیرکرا.

بەپێی یاسا، راگیراو ئەگەر بەبێ تاوان دەرچوو، یاخود ماوەی راگیرانەکەی لە حوکمەکەی زیاتر بوو، ئەو ماوەیەی بۆ قەرەبوو دەکرێتەوە.

ئاسۆ هاشم گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە 26ی ساڵی 2010 مامۆستا بەدەل بەرواری دەتوانێت بۆ ماوەی ئەو پێنج مانگە داوای قەرەبوو بکات، بەڵام ئەو یاسایە زۆر بە کەمی کاری پێدەکرێت".

News Code 3738

Your Comment

You are replying to: .
captcha