UN  هاوكاریی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌فدێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان له‌ عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌لیس والپول جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان له‌ عێراق ڕای خۆی له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم خسته‌ڕوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی 14ی ئابی 2018 وه‌فدێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان له‌ عێراق به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌لیس والپول له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم کۆ بوونه‌وه‌ و دواتر ئه‌لیس والپول له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی: له‌ كۆبوونه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسیی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند پرسێكمان تاوتوێ كردوووه‌.

ناوبراو وتیشی: هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێمان ڕاگه‌یاندوون كه‌ سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان له‌ عێراق ئاماده‌یه‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسیی هه‌رێمی كوردستان بكات به‌ڵام ناتوانین چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم بكه‌ین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ڕێكخراو و میدیاكان چاودێری له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یێكی دروست بكه‌ن.

ئه‌لیس والپول ڕاشیگه‌یاند: كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسیی هه‌رێم چه‌ند داوایێكیان لێكردووین و ئێمه‌ش به‌پێی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له ‌نێوانماندا هه‌یه‌ هه‌وڵی جێبه‌جێ كردنیان ده‌ده‌ین و هاوكارییان ده‌كه‌ین.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا هه‌ندرێن محه‌مه‌د سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییێک بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆتاییدایه ‌و فه‌رمانبه‌ریش بۆ سه‌ر سندوقه‌كان داده‌مه‌زرێنرێن.

ناوبراو وتیشی: پرۆسه‌ی وردبینی ده‌ستیی ته‌واو بوووه ‌و داواش ده‌كه‌ین سه‌رجه‌م كاندیداکان پابه‌ند بن به‌ یاساكانی پرۆسه‌ی بانگه‌شه ‌و هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یێكی یاسایی و باش به‌ڕێوه ‌بچێت.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37323

Your Comment

You are replying to: .
captcha