باشترین دەرەچە بۆ کوردی سووریا ئەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکات

بەشی دیمانە/ جیهان- تەیموور ئەخمەتۆف لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردپرێس تورکیا ڕێگە نادات کورد لە دانیشتنە نێودەوڵەتییەکان لە سەر مەوزووعی سووریا بەشداری بکات بۆیە باشترین بژاردە بۆ کوردی سووریا ئەوەیە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی دانووستان بکات.

کوردپرێس:

کوردی سووریا لە سەرتای شەڕی داعشەوە توانیویانە یەک لە سەر چواری خاکی سووریا لە بندەست داعش ئازاد بکەن و بیخەنە ژێر کونتڕۆڵی خۆیانەوە. کورد هەروەهاش سامانی سروشتیی دەوڵەمەندی جووتیاری و سەرچاوەی ئاو نەوت و گازی بەدەستەوەیە. کوردی سووریا لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەدا سیستەمی خۆسەریان دامەزراندووە و بەنیازن پاش شەڕی داعش وەکوو سیستەمی فیدراڵ دیموکرات لە سەرتاسەری سووریا بڵاوەی پێ بکەن.

کوردی سووریا لای حکوومەتی تورکیا بە هاوکاری پەکەکە و بە تیرۆریست ناوی لێدەبرێت و ئەردۆغان پەیتاپەیتا هەڕەشەیان لێدەکات و هەر لە پێناو ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغانیشدا عەفرین کەوت و تورکیا داگیری کرد. لە لایێکی دیکەشەوە ئەمریکا ماویێکە ڕایگەیاندووە کە بەنیازە 2200 هێزی سەربازیی خۆی لە سووریا پاشەکشێ پێ بکات.

کوردی سووریا لەم دواییەدا شاندێکی ناردە دیمەشق بۆ ئەوەی دانووستان لە سەر ناوچەی ژێرکونتڕۆڵی خۆی بکات.

زۆرینەی چاودێرانی سیاسی نیازی ئەمریکا بۆ پاشەکشەکردن بە هێزەکانی و نیازی دەوڵەتی سووریا بۆ کونتڕۆڵکردنەوەی هەموو خاکی سووریا دوو هۆکاری سەرەکییە بۆ بڕیاردانی کورد لە سەر دانووستاندن لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە دیمانەیێکی لەگەڵ تەیموور ئەخمەتۆف کردووە کە خاوەن بیرێکی مەوزووعی کوردە لە پەیمانگای ئەنجومەنی پێوەندیی نێودەوڵەتیی ڕووسیایە.

تەیموور ئەخمەتۆف لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان کورد و دەوڵەتی دیمەشق لەسەر ناوچەی ژێرکونتڕۆڵی کورد بە ئاژانسی کوردپرێسی وتووە: بەڕای من هەر دوو لایەن ئێستا کێشەی نەبوونی متمانەیان هەیە هەر بۆیەش قۆناغی یەکەم دانووستانی نێوان کورد و دیمەشق بۆ ئەو دەبێت کە هەوڵ بدەن لە سەر تەوەرە سەرەکییەکان بگەنە ڕێککەوتن.

ئەو چاودێرە سیاسییە لە بارەی هۆکاری دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان کورد و دەوڵەتی سووریا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە: حیزبی یەکێتیی سووریای دیموکرات کە کوردی سووریا سەرۆکایەتیی دەکات لەلایەن تورکیاوە پەراوێز خراوە و کورد بەو بۆنەیەوە ناتوانێت بەشداری دانووستانی نێودەوڵەتی لە سەر مەوزووعی سووریا ببێت هەربۆیەش کورد ڕووی کردۆتە گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق.

ناوبراو لەبارەی هەڵوێستی زلهێزەکان و بەتایبەت ئەمریکا و ڕووسیا کە شوێندانەرن لە یەکلابوونەوەی قەیرانی سووریا بە کوردپرێسی وت: ڕووسیا پێش ئەوەی عەفرین لە لایەن تورکیاوە داگیر بکرێت هەڵی دا کورد و دەوڵەتی سووریا دانووستان بکەن بەڵام ئێستا هەوڵ دەدات لە کەشێکی ئارامدا بێ ئەوەی تورکیای پێ بشڵەژێنێت گفتوگۆ بکەن و بەڕای من زلهێزەکانیش گفتوگۆی نێوان کورد و دەوڵەتی سووریا بە ڕەوتێکی ئیجابی دەزانن.

تەیموور ئەخمەتۆف ئاماژەی بە دەستپێڕاگەیشتنی کورد بە ناوچەی خۆبەڕێوەبەر کرد و ڕایگەیاند: ئیدارەی خۆسەر و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری گرینگترین داواکاریی کوردە بەڵام ئێستا زووە لەبارەی هەیکەلییەتی ڕێککەوتنەکەوە قسە بکەین. بەڵام لە ئاکامدا دەبێت یەپەگە بکرێتە هێزێکی میلیشیای خۆجێیی . مەوزووعی خۆبەڕێوەبەری بابەتێکی هەستیارە و لایەنەکان ناچارن نیگەرانیی تورکیا لەو بارەیەوە لەبەرچاو بگرن. بۆیە پێ ناچێت مەوزووعی خۆبەڕێوەبەریی کورد لەم قۆناغەی گفتوگۆکاندا بە تێروتەسەلی باسی لە سەر بکرێت.

تەیموور ئەخمەتۆف لەبارەی ئەنجامی کۆتاییی دانووستانەکەشەوە بە کوردپرێسی وت: دەبێت لە ئەنجامدا دەوڵەتی سووریا کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو ناوچانە بەدەستەوە بگرێت کە ئێستا کورد ئیدارەی دەکات. لە ئەنجامدا دەبێت ئەمریکاش لە سووریا بکشێتەوە. بەڵام ئەو مەسەلەیەش بەسرتاوە بەوەوە کە دەوڵەتی سووریا بەڵێن بدات کێشەی داعش یەکلا بکاتەوە و دۆخێکی ئەمن و ئارام بۆ دانیشتووانی سووریا بڕەخسێنێت و سنوورەکانی لەگەڵ عێراق ئەمن بکات.

ئەو خاوەنبیرە ڕووسە لەبارەی کاردانەوەی تورکیا بەرانبەر بە دانووستانی نێوان کورد و دەوڵەتی دیمەشق ڕایگەیاند: تورکیا ناڕازییە بە دامەزراندنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر لەلایەن پەیەدەوە. لەبەر ئەوەی بە بڕوای تورکیا ئەو مەسەلە دەبێتە زەمینەخۆشکەر بۆ دروست بوونی پێگەیێکی سەربازیی بەهێز بۆ پەکەکە. بێگومان ئەگەر ئاوڕ لە خواستەکەی تورکیا نەدرێتەوە ئەوا ئەنقەرە دەست دەداتە جووڵەی سەربازی. هەر بۆیەش دەبێت کورد لە دانووستانەکانی لەگەڵ دیمەشق بیسەلمێنێت کە هەیکەلییەتی یەپەگە و هێزی سووریای دیموکرات لەگەڵ پەکەکە لێک جیاوازن یان بیسەلمێنن کە دەسەڵات و توانای سەربازییان دابەزیوە و توانای هەڕەشە کردن لە تورکیایان نییە.

ئەخمەتۆف لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە دەبێت کوردی سووریا لەوە بگات کە ئەمریکا بۆ هەمیشە لە سووریا نامێنێتەوە. نوێژەنکردنەوەی ناوچەی ژێرکونتڕۆڵی کوردی سووریا پێویستی بە پارە هەیە. کورد دەبێت ئەو دڵنیایییە بە تورکیا بدات کە پەکەکە نابێت بە هەڕەشە بۆ سەر سنوورەکانی تورکیا و بەو شێوەیەش کاتێک دیاری بکەن بۆ وەستاندنی هەڵمەتی سەربازیی پەکەکە یان دەستەبەر کردنی ئاگربڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە.

News Code 37294

Your Comment

You are replying to: .
captcha