ڕووسیا و ئێران و کازاخستان و ئازه‌ربایجان و تورکمانستان له‌سه‌ر ده‌ریای قه‌زوین ڕێککه‌وتن

به‌شی ئێران/ کوردی- شاری (ئۆکتاو) له‌ باشووری ڕۆژئاوای كازاخستان سه‌رۆکی هه‌ر پێنج وڵاته‌که‌ی سه‌ر ده‌ریای قه‌زوینی کۆ کرده‌وه‌ و له‌ پێنجه‌م لووتکه‌یاندا له‌سه‌ر ژماره‌یێک دۆسییه‌ ڕێککه‌وتن که‌ له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوووه‌وه‌ له‌سه‌ری ناکۆکن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له ‌کۆبوونه‌وه‌ى لووتکه‌ى نێوانیاندا، ڕووسیا و کازاخستان و ئێران و ئازه‌ربایجان و تورکمانستان که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر ده‌ریاى قه‌زوین له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی یاساییی شێوازی به‌کارهێنانی ده‌ریای قه‌زوین ڕێککه‌وتن که‌ به‌ گه‌وره‌ترین ڕووبه‌ری ئاوی داخراو له‌ جیهاندا هه‌ژمار ده‌کرێت.

هه‌ر به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌که‌ جگه‌ له‌ پێنج وڵاته‌که‌ ڕێگه‌ به‌ جێگیر کردنی هێزی سه‌ربازیی هیچ وڵاتێکی بیانی نادرێت له‌ ناو ده‌ریاکه‌ و به ‌شێوه‌یێکیش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ریاکه‌ ده‌کرێت که‌ نه‌ ده‌ریایه‌ و نه‌ ده‌ریاچه‌یه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یێک بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ڕاوه‌ ماسی به‌تایبه‌ت ماسی کافیار و سامانی‌تری ژێر زه‌وی ده‌ریاکه‌ له‌ نه‌وت و گازی سروشتی به‌پێی سنووری نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ر وڵاتێک.

له‌ لووتکه‌که‌دا که‌رته‌کانی ئابووری و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و ژینگه‌ و ئاسایشی ده‌ریای قه‌زوین تاوتوێ كران و لایه‌نه‌كان واژۆیان له‌سه‌ر ڕێکكه‌وتنێک كرد بۆ پێگه‌ی یاساییی ده‌ریای قه‌زوین.

بابه‌تی چۆنێتیی دابه‌ش کردنی ژێر ده‌ریای قه‌زوین، که‌ کێڵگه‌ی نه‌وتی ده‌وڵه‌مه‌ندی تێدایه‌، له‌ لووتکه‌که‌دا هێڵرایه‌وه‌ بۆ وتووێژه‌کانی داهاتوویان.

له‌ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤییه‌ته‌وه‌ که‌ به‌هۆیه‌وه‌ چوار وڵاتی‌تر سنووری ده‌وڵه‌ته‌کانیان که‌وته‌ سه‌ر ده‌ریاکه‌، ناکۆکی له ‌نێوان هه‌ر پێنچ وڵاته‌که‌دا دروست بوووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دابه‌ش کردنی سامانی گرانبه‌های ده‌ریاکه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زیاتر له‌ ٥٠ جار کۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان به‌رپرسانیاندا ئه‌نجام دراوه‌ به‌ڵام له‌ هیچ کامیاندا نه‌گه‌یشتبوونه‌ ڕێککه‌وتن.

ده‌ریای قه‌زوین یه‌کێکه‌ له‌ ده‌ریا گرنگه‌ ئابووری و سروشتییه‌کانی جیهان و ده‌که‌وێته‌ ڕۆژئاوای کیشوه‌ری ئاسیاوه و ڕووبه‌ره‌که‌ی ٣٧١ کیلۆمه‌تر و درێژییه‌که‌شی هه‌زار و ٢٠٠ کیلۆمه‌تره و پانتاییه‌که‌شی ٣٠٠ کیلۆمه‌تر ده‌بێت.

له‌ ئێستاشدا ده‌ریاکه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌لایه‌ن ڕووسیا و کازاخستان و ئێران و ئازه‌ربایجان و تورکمانستان که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر ده‌ریاکه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و پێشتریش ناوبه‌ناو له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردن و به‌کارهێنانییه‌وه‌ کێشه‌ له‌ نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌هاته‌ ئاراوه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37292

Your Comment

You are replying to: .
captcha